داقوق: ژمارەیەكى زۆر ئاوارە بە تۆمەتى كاركردن بۆ داعش دەستگیركراون

ژمارەیەكى زۆر لەو ئاوارە عەرەبانەى كە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى داعشیان بەجێهێشتووە و روویان لە سنورى كەركوک و داقوق كردووە، بە تۆمەتى كاركردن بۆ داعش دەستگیركراون و چەكدارەكانى داعشیش ناوبەناو هێرش دەكەنە سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگە لەباشورى كەركوک.

عەمید كاوە غەریب بەڕێوەبەرى پۆلیسى داقوق ، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"ژمارەیەكى زۆر ئاوارەى عەرەبمان دەستگیركردووە كە ئیشیان بۆ داعش كردووە."

بەپێى وتەى عەمید كاوە غەریب ، داعش مەفرەزەى گەرۆكیان دروستكردووە و بەناوچەكانى باشورى كەركوکدا دەسوڕێنەوە.

لاى خۆشیەوە لیوا محەمەد قادر فەرماندەى میحوەرى داقوقى هێزى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"هێزى پێشمەرگە سەرقاڵى سەنگەرلێدانە و مەفرەزەكانى داعشیش كە چەكى سوكیان پـێـیە دەسوڕێنەوە و تەقە لە سەنگەرەكان دەكەن."

هێزى پێشمەرگە لە باشورى كەركوک چیتر پێشڕەوى ناكات ، بۆیە لە ئێستادا سەرقاڵى سەنگەر لێدان و توندوتۆڵكردنى سەنگەرەكانیەتى.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر