کاربەدەستان لە کۆنفرانسی کەوشوهەوا لەسەر بەرنوسی بڕیارێک ڕێکدەکەون

.

کاربەدەستانی 195 وڵاتی بەشداری بووی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەوشو هەوا لە پاریس قائیل بوون لەسەر بەرنوسی ڕێککەوتنێک بۆ کەشوهەوا.

بەڵگەنامەی بەرنوسەکە پاش چوار ساڵی وتووێژکردنە، و بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ وڵاتان تا گازی ژینگە پیسکەر کەم بکەنەوە کە زیان بە کەشو هەوا دەگەیەنێت.

ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن چەندین مەسەلەی چارەسەر نەکراو ماوە کە ڕێگرە لەبەردەم 21 مین کۆنفراسی کەشو هەوا کە لە ڕۆژی هەینی کۆتایی پێدێت. یەکێک لەو گرفتانە ئەوەیە کێ ئەرکەکانی ئەو ڕێککەوتنە نوێیە دەگرێتە ئەستۆ.

نوێنەرانی 134 وڵاتی بەرەوپێشکەوتن ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر هەندێک لە وڵاتانی پیشەسازی کە مەرجیان بۆ دابین کردنی بودجە بۆ ئەو هەڵانە هەیە.

یەکێک لە پێشنیارەکانی بەندە نوێیەکە ئەوەیە کە خەرجییەکانی کەمکردنی زیان بۆ سەر ژینگە نابێت تەنها لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە لە ئەستۆ بگیرێت، بەڵکو دەبێت وڵاتانی بەرەو پێشکەوتنیش بەشدار بن.

ژمارەیەک لە بەشداربوانی کۆنفرانسەکە ئەو هیوایەیان نییە کە کۆمەڵگای نێونەتوەیی بتوانێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو بگات بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر کەمکردنەوەی زیانەکان بۆ ژینگە.

زانایان هۆشداریان داوە لە کاتێکدا زەوی گەرمتر دەبێت ئە هەسارەیە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ، بە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، باوباهۆزی وێرانکار و وشکەساڵییەکی زۆر.