کۆمیتەی کاروباری دەرەوەیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرنوسێکی هاوبەشی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی بە تێکڕای دەنگ پەسەند کردووە تا چەک و کۆمەکی تری لەشکریی ڕاستەوخۆ بدرێت بە کورد.
هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت چەک و یارمەتییە لەشکرییەکانی تریش بۆ شەڕی دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕێی بەغداوە دەدران بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان. هەر بۆیەشە زۆر جار گەیاندنی ئەو کۆمەکانە بۆ هێزی پێشمەرگە دوا دەکەوتن.
دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت مەرج نییە پەسەندکردنی ئەم بەرنوسە بە مانای فەرامۆش کردنی بەغدا بێت، هێندەی ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت خۆی لەو مەترسیانە بپارێزێت کە لە ئاکامی ڕاستەوخۆدانی جەک بە بەغدا دێنە ئاراوە و دەشڵێت ئەمریکا بەردەوام ئەو نیگەرانییانەی هەیە کە ئایا متمانە چییە ئەو چەکانەی ڕاستەوخۆ دەگەنە دەست حکومەتی نێوەندی عێراق لە کۆتاییدا ئەم حکومەتە نەبێتە نەیاری سیاسەت و بەرنامە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
بەپێی ئەم بەرنوسە پەسەندکراوەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەیی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، دەسەڵات دەدات بە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاستەوخۆ کۆمەکی لەشکری و مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بکرێت. لەم بەرنوسەشدا هاتووە ئەم چەکانە لە ئامانجی هاوبەشدا لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەکاربهێنرێن بۆ لەناوبردنی ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی.
دکتۆر ڕێبوار ئاماژەش بەوە دەکات کاردانەوەکانی حکومەتی عێراق لەسەر ئەم پرسە زیاتر دەچێتە خانەی میدیاوە و وەک دەڵێت ئەوروپا و ئەمریکاش بە ئاشکرا دەڵێن لە ڕووی پراکتیکییەوە جەنگی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئیسلامی لەلایەن هێزی پێسمەرگەوە دەکرێت و دەشڵێت ئەمەش پاساوێکی گەورەیە بۆ هاوکاریکردنێکی ڕاستەوخۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
بەڵێن ساڵح، وتووێژی لەگەڵ دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5