هوشیار عه‌بدوڵا: دوای پرۆسه‌ی ئازادکردنی روومادی ئازادکردنی موسڵ ئاسانتر ده‌بێت.

ووته‌بێژی هیزی سه‌ربازی عیراق ده‌ڵێت به‌ره‌و قووڵایی و ناوچه‌رگه‌ی شاری ڕومادی ده‌چن و له‌ئازادکردنی باڵه‌خانه‌کانی حکومه‌ت نزیک ده‌بنه‌وه‌.

ئایا ته‌نها هێزی سه‌ربازیی عێراق له‌م ئۆپه‌راسێونه‌دا به‌شدارن یاخوود هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی هاریکاریان ده‌که‌ن.

ئه‌گه‌ر ڕوومادی ڕزگار کرا کاریگه‌ری ئه‌مه‌ له‌سه‌ر رزگارکردنی شاری موسڵ و شاره‌کانی‌که‌ی له‌ژێر کۆنترۆڵی داعشدایه‌ چۆن ده‌بێت.

ئه‌گه‌ر داعش ڕومادی له‌ده‌ستدا بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ووره‌ی چه‌کداره‌کانی ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ هێرشێک بۆ شاری که‌رکووک بکات وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌موسڵ ڕوویدا.

له‌مانگی 7ی ڕابردوودا عێراق هه‌ڵمه‌تی ڕزگارکردنی شاری رومادی ڕاگه‌یاند، ئێستا کۆتایی مانگی دوانزیه هێشتا ئه‌وشاره‌ به‌رگری چه‌کدارانی داعشی تێدایه‌، ئه‌مه‌ بێتوانایی هیزی عێراق نیشانده‌دات، یاخوود هۆکار چیه‌ تا ئێستا ئه‌وشاره‌ به‌ته‌واوه‌تی ئازاد نه‌کراوه‌؟

له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌دا هوشیار عه‌بدوڵا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی جه‌ختی له‌سه‌ر کراوه‌ته‌وه‌ و ڕاگه‌ێندراوه‌ هیزه‌کانی سه‌ربازی عێراق و هێزی خێڵه‌کانی ناوچه‌ی ڕومادی و ئه‌نبار به‌شدارن و بۆردومانکردنی چڕو پڕی فرۆکه‌کانی هێزی هاوپه‌یمانان پشتیوانیان ده‌کات.

ده‌شلێت تائێستا هیچ لایه‌نێکی حه‌شدی شه‌عبی په‌شداری خۆیانی له‌و ئۆپه‌راسێۆنه‌دا ڕانه‌گه‌یاندوه‌، هه‌روه‌ها حکومه‌تی عێراقیش هیچی له‌باره‌ی به‌شداریی ئه‌و هێزانه‌وه‌ ڕانه‌گه‌یاندوه‌.

سه‌رباری ئه‌مه‌ ده‌ڵێت سوپای عێراق و هێزی هاوپه‌یمانان شاره‌زایی‌ جیاوازیان له‌ئازادکردنی ناوچه‌کاندا په‌یداکردوه‌، بۆنموونه‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین، ئه‌و هه‌ڵانه‌شی له‌وێداکران ده‌یانه‌وێت له‌ڕوومادی دووباره‌ی نه‌که‌نه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌کاریگه‌ری ئه‌م ئۆپه‌راسێۆنه‌ له‌سه‌ر ئازادکردنی شاری موسڵ ده‌ڵیت له‌گه‌ڵ ڕوومادی دوو به‌ره‌ی به‌یه‌که‌وه‌ لکێنراون و داعش لای ڕوونه‌ کاتێک پرۆسه‌ی ئازادکردنی ڕوومادی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستدێنێت، پرۆسه‌ی ئازادکردنی ناوچه‌ی موسڵیش ئاسانتر ده‌بێت.

ووریا کاڵی گفتووگۆی له‌گه‌ڵ هوشیار عه‌بدوڵا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق کردوه‌.

زانیاری زیاتر له‌ده‌قی ووتوێژه‌کدایه‌.

Your browser doesn’t support HTML5

گفتووگۆ له‌گه‌ڵ هوشیار عه‌بدوڵا