سولەیمان ئەلکوبەیسی: کوڕانی خۆبەخشی ئەنبار لە حەشدی عەشرەتەکان بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شارەکەدا نەک خەڵکی تر

شەڕ بۆ ئازادکردنی شاری ڕومادی دەستیپێکردووە و گەورە کاربەدەستانی پارێزگای ئەنباریش دەڵێن ڕزگارکردنی ئەم شارەی عێراق لە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی مسۆگەرە.

سولەیمان ئەلکوبەیسی، ئەندامی باڵا لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار دەڵێت شان بە شانی لەشکری عێراق هێزەکانی دژە تیرۆری وڵاتەکەش بە چەکی قورسەوە بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری ڕومادیدا و توانراویشە بەرەوپێشچونێکی بەرچاو بێتە ئاراوە بە شێوەیەک هێزەکان کەمتر لە سێسەد مەتر دوورن ( تا کاتی وتووێژەکە 4 ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی عێراق)لە باڵەخانەکانی ئۆفیسی حکومەتەوە لە ناو شارەکەدا و دەشڵێت زۆرێک لە تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی یان کوژراون و یانیش ڕایانکردووە.

سولەیمان ئەلکوبەیسی کە دەمڕاستی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبارە ئاماژە بەوەش دەکات لەگەڵ ئەم بەرەوپێشچوونانەی هەن بەڵام هێزە عێراقییەکان ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی زۆر هاتوونەتەوە و وەک دەڵێت زۆرترین تەگەرە لە بەردەم هێزەکاندا ئەو بۆمبە چێنراوانەن کە تیرۆریستان دایانناوەتەوە لەسەر ڕێگەوبان و شوێنەکانی تریشدا.

ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای ئەلئەنبار دەڵێت فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانی بەسەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆڵێکی گرنگییان هەیە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری ڕومادیدا.

سولەیمان ئەلکوبەیسی داوا لە حکومەتی نێوەندی عێراق دەکات بە زووترین کات بودجەی پارێزگاکەی پەسەند بکات وەک دەڵێت زۆر پێویستە بۆ کاتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی پارێزگاکە و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆیان.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ سولەیمان ئەلکوبەیسی، دەمڕاستی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرت لەسەر بنچینەی لێدوانەکانی سولەیمان ئەلکوبەیسی