باراک ئۆباما: ئێران پەیمانە سەرەکییەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی ناوکی بەجێ گەیاندووە

سەرۆک ئۆباما ڕۆژی یەکشەممەی بە 24 کاتژمێری مێژوویی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە قەڵەم دا و ستایشی دیپلۆماسیەتی بەهێزی ئەمەریکای کرد پاش جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ناوکی مێژوویی و گۆڕینەوەی زیندانیان کە بوو بەهۆی ئازاد کردنی پێنج ئەمەریکایی کە لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر کرابوون.

سەرۆک ئۆباما گوتی "دوێنێ دەستپێکی پێشهاتەیەکی گرنگ بوو لە ڕێگەگرتن لەوەی ئێران ببێت بە خاوەنی چەکێکی ئەتۆمی. بە پێی ڕێککەوتنە ناوکییەکە ئێران ئێستا بەڵێنە سەرەکییەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنەکەی بەجێ گەیاندووە".

سەرۆک ئۆباما دەشڵێت " لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی ڕابوردوودا ئێران هەر بەدەوام بوو لەسەر بەرنامەی ناوکی، نزیکەی 20 هەزار سەنتەرفیوجی دامەزراندبوو کە دەکرا بەڕێگای ئەوانە یۆرانیۆم بپیتێندرێت بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ناوکی. ئەمڕۆ ئێران دوو لەسەر سێی ئەو دەزگایانەی لاداوە. بەر لە ڕێککەوتنەکە ئێران بە بەردوامی یۆرانیۆمی عەمبار کراوی زیاد دەکرد کە بەشی نزیکەی 10 بۆمبی ناوکی دەکرد. ئەمڕۆ زیاتر لە سەدا 98 ی ئەو یۆرانیۆمە عەمبار کراوانەی لە ئێران دەرکردووە. پێشا ئێران نزیک بوو کە کۆتایی هێنان بە ڕیاکتەرێکی نوێی ناوکی کە توانای بەرهەمهێنانی پلاتۆنیۆمی بۆ بۆمێک هەبوو. ئەمڕۆ بناغەی ئەو ڕیاکتەرە لە ناو براوەو پڕکراوەتەوە و ناتوانرێ جارێکی تر بەکاربێتەوە. بەر لە ڕێککەوتنەکە جیهان بە شێوەیەکی زۆر کەم دەیتواونی بەرنامەی ناوکی ئێران ببینێت، ئەمڕۆ پشکێنەرانی جیهانی لەوێن و ئێران دەکەوێتە ژێر سیستەمێکی پشکنینی هەرە گشتگیر و توند کە هەتا ئێستا دانوساندن لەسەر چاودێری پرۆگرامی ناوکی کرابێت. لێکۆلەران ڕۆژی 24 کاتژمێر هەر 365 ڕۆژی ساڵ چاودێری دامودەزگا سەرەکییە ناوکییەکانی ئێران دەکەن. بۆ چەندین دەیەی داهاتووش پشکێنەران دەستان بە تەواوی دامودەزگای ناوکیەکانی ئێران ڕادەگات. کەواتە ئەگەر ئێران هەوڵ بدات بە نهێنی بۆمبێک دروست بکات ئاگادار دەبین".

جگە لە مەسەلەی ناوکی سەرۆک ئۆباما پێی وایە بە کارکردن لەگەڵ ئێران توانیویانە کێشەی تریش چارەسەر بکەن " کاتێک دەریاوانەکانمان لە کەنداوی فارس بە هەڵە کەوتنە ئاوی ئێرانەوە کە ڕەنگە ببوایەتە مەسەلەیەکی گەورەی نێونەتەوەیی. هەندێک کەس لێرە لە واشنتۆن زۆر بە پەلەبوون کە بڵێن ئەمە سەرەتای قەیرانی بارمتە گرتنێکی ترە. بەڵام لە بری ئەوە ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی ئێراندا کارمان کرد و ئازاد کردنی دەریاوانەکانی خۆمانمان لە کەمتر لە ماوەی 24 کاتژمێردا مسۆگەر کرد".

سەرۆک ئۆباما گوتیشی " چەند ئەمەریکایی کە بە بێ پاساو لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر کرابوون لە کۆتاییدا دەگەڕێنەوە وڵات.

لە کۆتایی وتارەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا سەۆرک ئۆباما جارێکی تر سوپاسی وەزیری دەرەوە جۆن کیری و تەواوەی تیمی ئاسایشی نیشتمانی بە ڕێبەرایەتی سوزەن ڕایسی کرد بۆ کارەکانیان وە هەروەها سوپاسی هاوکارییەکانی هەمو هاوپەیمانان و هاوبەشانی ئەمەریکای کرد و گوتی " هیوادارم ئەمە ئاماژەیەک بێت بۆ دەرفەت بەلایەنی کەم بۆ ئێران تا زیاتر هاوکار بێت لەگەڵ وڵاتانی سەرانسەری جیهان بۆ بەرەوپیشبردنی بەرژەوەندییەکانیان و بەرژەوەندی ئەو گەلەی چاویان لە ئاشتی و ئاسایشە بۆ خێزانەکانیان".