ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ: چەکدارە شیعەکان لە عێراق دەستیان لە هێرشی تۆڵەسەندنەوە هەیە

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند چەکدارە بە‌هێزەکانی شیعە لە عێراق دەستیان هەبووە لە هێرشی تۆڵە سەندنەوە دژ بە سوننەکان لە سەرەتای ئەم مانگە کە پاش هێرشەکەی داعش بۆ سەر چاخانەیەکی کە چەکدارەکان دەچوونە ئەوێ سەری هەڵدا.

ئەو ڕێکخراوەی بەنکە لە نیویۆرک لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵیت لیوای بەدر و عەسائیب ئەهللحەق، دوو هێزی چەکداری شیعەی کە ئێران پشتیوانیان لێ دەکات هێرشەکەی 11 ی مانگی 1 یان ئەنجام داوە بۆ تۆڵە سەندنەوە لە هێرشەکانی شارەبان.

ئەم هێرشە پاش دوو هێرشی خۆکوژی ڕویدا لە چاخانەیەک کە 32 کەسی تێدا کوژرا.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە زاری دانیشتویەکی ناوچەکەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت چەکدارەکان بەلانی کەم 12 کەسیان کوشتووە و مزگەوت، ماڵ و دوکانی سوننەکانیان ڕوخاندووە. هێرشبەرەکان بە دڕندە ناودێر دەکات و داوا دەکات دادگایی بکرێن.