بە گومانی هەوڵی چوون بۆ ناو داعش لە یۆنان دوو کەس دەستگیر دەکرێن

پۆلیسی یۆنان دەڵێت دوو پیاوی دەستگیر کردووە کە گومان دەکرێت هەوڵیان دابێت بچن بۆ سوریا بۆ بەشداری کردن لە داعش.

یەکێک لەو کەسانەی کە دەستگیر کراوە تەمەنی 29 ساڵانە لە سەربیا لە دایک بووە بەڵام ڕەگەزنامەی سویدی هەیە کە لە ساڵی 2011 پاش شەش ساڵ زیندانی بە تاوانی هەوڵی هێرشی تیرۆرستی ئازاد کرا. ئەو پیاوە لە بۆسنیا دەستگیر کرابوو و ڕەوانەی سوید کرابۆوە.

ئەو جارێکی تر لە ڕۆژی پێنجشەممە لە نزیک سنووری نێوان تورکیا و یۆنان لەگەڵ کەسێکی تری یەمەنی تەمەن 20 ساڵان دەستگیر کرا، هەردووکیان پاسەپۆرتی سویدییان پێ بوو. پۆلیسی یۆنانی دەڵێت دوو چەقۆی گەورەو بەرگری چەک و بەرگی لەشکرییان پیبووە.

ئەو ئەفسەرە پۆلیسیە یۆنانییەی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت بڕوا دەکرێت هەوڵیان دابێت لە سویدەوە بڕۆن بۆ سوریا.