ئاشتی عەبدوڵا:نادیە موراد توانی بەربەستەکان تێکبشکێنێت

ئاشتی عه‌بدوڵا

هەڵمەتێکی پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەستیپێکردووە وەک پشتیوانی لە (نادیە موراد) خانمی ئێزدی تا خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەدەست بێنێت.

نادیە موراد

لە بەشێکی ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەتەدا هاتووە "نادیە موراد لە قوربانییەکی بە کۆیلەکراوی دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشە وە سەری بەرزکردەوە و بوو بە دەنگێکی جەسور و بەرزی هەزاران ژنی یەزیدی و مەسیحی و کورد و عێراقی و سوری کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا خۆیان و کەس وکاریان کەوتنە بەر شاڵاوی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسلامی داعش ، نادیە پەیامی ڕزگارکردنی ئەو هەزاران ژنەی هەڵگرت . ئەو دەنگێكە کە لە یەک کاتدا هەم هاوار و ئازاری کۆیلایەتی و تێکشکانی دەرونی و جەستەیی هەزاران ژنی بە جیهان گەیاند ، وە هەم چیرۆکی خۆڕاگری و هیز و توانای ئەو ژنانە و ئومیدیان بە ڕزگاری نیشانداین."

نادیە موراد

ئاشتی عەبدوڵا، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت ئێستا نادیە موراد بۆتە سیمبۆلێک بۆ کچان و ژنانی ئێزدی و هەموو ئەو ژنانەی کە ستەمیان لێکراوە و بە نوێنەرایەتی ئەو ژنانە دەنگی خۆی بەرزکردەوە لەبەردەم ڕای گشتیدا و دەشڵێت نادیە توانی سۆزی جیهان بەلای ئەم دۆسێیەدا ڕابکێشێت و پشتیوانییەکی زۆریشی بەدەستهێناوە.

هاوکات ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراقیش پێشنیازکراوە تا ئەم خەڵاتەی نۆبڵ بۆ ئاشتی وەربگرێت.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، ئاشتی عەبدوڵا کە یەکێکە لە ئەندامانی هەڵمەتی پشتیوانی بۆ نادیە عەبدوڵا دەڵێت ناکرێت ئەو ڕۆڵەی ڤیان دەخیل بینیویەتی لە دۆسێی ئێزدییەکاندا بە هێند وەرنەگیرێت بەڵام نادیە موراد لەناو کارەساتی ژینۆسایدەکەدا بووە و نادیە هەموو ئەو مەینەتیانەی چەشت کە داعش بەسەر ئێزدیەکانیدا هێنا.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ئاشتی عەبدوڵا