كورد و شیعه‌ ترسیان له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ى ئاڵۆزى له‌ خورماتوو هه‌یه‌

به‌رپرسانى حه‌شدى شه‌عبى و لایه‌نه‌ كوردیه‌كان بۆ هێوركردنه‌وه‌ى بارودۆخى خورماتوو ئه‌مڕۆ دووشەممە كۆبوونه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا گرژى و ئاڵۆزى جارێكى تر قه‌زاكه‌ى گرته‌وه‌ و چه‌ند هاوڵاتیه‌كى كورد و توركمانى شیعه‌ كوژران و رفێنران.

كه‌ریم شكور به‌رپرسى بازنه‌ى حه‌مرین ى یه‌كێتى، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"دواى ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو 11 كورد له‌رێگه‌ى ئامرلى ده‌ستگیركران، جارێكى تر دیارده‌ى كوشتن و رفاندن له ‌قه‌زاى خورماتوو سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌."

به‌پێى زانیاریه‌كانى ده‌نگى ئه‌مه‌ریكا ، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مرۆى نێوان لایه‌نه‌ كوردى و شیعه‌كان له‌خورماتوو له‌سه‌ر داواى لایه‌نى كوردى بووه‌، تا جارێكى تر ئاڵۆزى و پشێوى قه‌زاكه‌ نه‌گرێته‌وه‌.

سه‌ید عه‌لى هاشم وته‌بێژى حه‌شدى شه‌عبى له‌خورماتوو، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"له‌گه‌ڵ كورددا رێككه‌وتین دۆخى قه‌زاكه‌ هێور بكه‌ینه‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شد، هاوكارى پۆلیس و ئاسایش بكه‌ن بۆ ده‌ستگیركردنى ئه‌وانه‌ى خه‌ڵك ده‌كوژن و ده‌رفێنن."

پێشتر كاتێك گرژى له‌نێوان كورد و توركمانى شیعه‌دا له‌خورماتوو سه‌ریهه‌ڵدا و 21 كه‌س له‌هه‌ردوولا كوژران ، خه‌ركیبوو دۆخه‌كه‌ له‌ده‌ستى لایه‌نه‌سیاسیه‌كان ده‌ربچێت بۆیه‌ لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێت رێگربن له‌دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى گرژى.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر