سەرۆکی تورکیا باس لە ئاگربەستی سوریا دەکات

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەڵێت ئەو ئاگربەستەی کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان لە سوریای دراوسێ ئەنجام دراوە تەنها بەشێکی جێبەجێ کراوە.

ئەردۆگان ڕایگەیاند " ئەمڕۆ یان سبەینێ ئەم ئاگربەستە جێگیر دەبێت و ئەمەش هەمو ناوچەکانی سوریا بگرێتەوە" .

ئەردۆگان ئەم قسانەی لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژناموانی کرد لە ئەستەنبوڵ بەر لەوەی دەست بە گەشتەکەی بکات بۆ ئافیکا.

ئەو ئاگربەستەی کە لەلایەن ئەمەریکا و ڕوسیاوە ئەنجام درا چەند بەشێکی سوریای بۆ یەکەم جار لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابوردووەوە ئارام کردۆتەوە بەڵام هەرچەندە گروپە سەرهەڵداوەکان دەڵێن چەندین سەرپێچییان لەلایەن هێزەکانی حەکومەتەوە تۆمار کردووە کە دەشێ ببێتە هۆی تێکدانی ڕێککەوتنەکە.

هاوکات شەڕی دژ بە ڕێکخراوەی توندڕەوەی دەوڵەتی ئیسلامی و شانەی ئەلقاعیدە لە سوریا بەردەوامە و ئاگربەستەکە ئەوان ناگرێتەوە.

شایانی باسە توندوتیژییەکانی سوریا هەتا ئێستا 250 هەزار کەسی تێدا کوژراوەو و بوو بەهۆی گەورەترین قەیرانی پەنابەران لەوەتای جەنگی جیهانی دوهەمەوە.