سەرۆک وەزیری تورکیا سەردانی ئێران دەکات

تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران دەڵێت سەرۆک وەزیری تورکیا لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی مەسەلەی سوریا لە کاتێکدا ئەم دوو وڵاتە لە ماوەی پێنج ساڵی شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانییان لە لایەنی جیاواز کردووە.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پرێس ڕادەگەیەنێت سەرۆک وەزیر ئەحمەد داڤد ئۆغلو ڕۆژی هەینی بە سەردانێکی دوو ڕۆژی گەیشتە ئێران. ئەمەش یەکەم سەردانی کاربەدەستێکی تورکیایە لەوەتای سزا ئابورییەکان لە ڕێککەوتنێکی مێژوویدا لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان لەسەر ئێران هەڵگیران.

داڤد ئۆغلو ڕۆژی شەممە دانیبەوەدانا کە ئێران و تورکیا جیاوازییان لەسەر سوریا هەیە، بەڵام ڕایگەیاند هاوکاری نێوان هەردوو وڵات گرنگە بۆ کۆتایی هێنان بە خوێنڕشتن لەوێ.

تورکیا پشتیوانی لەو سەرهەڵداوانە دەکات کە شەڕ بۆ ڕوخانی بەشار ئەسەد دەکەن. ئێرانیش لەگەڵ ڕوسیا پشتیوانیان لە حکومەت کردووە.

داڤد ئۆغلو گوتی تورکیا و ئێران هیوادارن پەیوەندی بازرگانیان بۆ 30 ملیار دۆلار فراوان بکەن کە سێ هێندی ئەوەی ئێستایە.