په‌نابه‌ران له‌ده‌ره‌نجامی ڕێکه‌وتنی یه‌کێتی ئه‌وروپا و تورکیا له‌سنووره‌کان گیریان خواردوه‌.

ڕێککه‌وتنی ڕۆژی هه‌ینی له‌نێوان یه‌کێتی ئه‌وروپا و تورکیادا مۆرکرا وه‌ک هه‌وڵێکه‌ بۆ ڕێگرکردن له‌شاڵاوی چوونی کۆچبه‌ران بۆ ئه‌وروپا، باس له‌وه‌ناکات چی به‌سه‌ر ده‌یان هه‌زار له‌په‌نابه‌ران دێت که‌له‌یۆنان گیریان خواردوه‌، په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریکا له‌ئه‌سیناوه‌ هینری ڕیگوێڵ له‌ڕاپۆرتێکیدا ده‌ڵێت مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌هاتنی شه‌پۆلی کۆچبه‌ران له‌کۆتایی هه‌فته‌دا به‌رله‌وه‌ی بڕیاره‌ ڕێگره‌کان بکه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌به‌نده‌ری بیریوس له‌ئه‌سینا و شه‌وی پێشتریش به‌له‌م له‌دورگه‌ی له‌سبووس له‌سه‌کۆ له‌نگه‌ریان ده‌گرت، له‌سه‌ر سه‌کۆکه‌ زۆر له‌سه‌رنشینان بۆیه‌که‌م جار خاکی ئه‌وروپایان به‌دی ده‌کرد.

هه‌میشه‌ خواستی کۆچبه‌ران گه‌یشتن بووه‌ به‌ ڕۆژئاوای ئه‌وروپا. به‌ڵام داخستنی سنوری باکور ڕه‌نگه‌ زۆر دره‌نگ بێت.

پارێزه‌ر محه‌مه‌د

محه‌مه‌د له‌سوریا پارێزه‌ر بووه‌ مانگی پێشو له‌ماڵه‌که‌ی له‌گه‌ڵ دایک و خوشکی هه‌ڵاتوه‌، هاتنه‌که‌ی 6 هه‌زار دۆلاری تێچوه‌، له‌ئێستادا ماڵه‌که‌ی ده‌وارێکه‌ له‌سه‌ر سه‌کۆیه‌ک.

محه‌مه‌د ده‌ڵێت، "من زۆر خه‌مبارم، دۆخه‌ زۆر ئاڵۆزه‌، ئه‌گه‌ر مه‌کدۆنیا سنوری داخات نازام چی‌بکه‌م".

ڕێککه‌وتنی ڕۆژی هه‌ینی له‌نێوان یه‌کێتی ئه‌وروپا و تورکیادا مۆرکرا تیایدا نه‌هاتوه‌ داخۆ 46 هه‌زار په‌نابه‌ر له‌ئێستادا له‌یۆنان گیریان خواردوه‌ چی‌بکه‌ن.

ڕێگه‌ به هاتوه‌ نوێیه‌کان نادرێت له‌به‌نده‌ره‌که‌ بمێننه‌وه‌، به‌ڵام ده‌خرێنه‌ پاس و بۆ ئۆردوگای پانابه‌ران له‌هه‌موو سه‌رانسه‌ری ئه‌سینادا ده‌گوازرێنه‌وه‌.

فه‌ره‌یدون که‌ به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌‌فغانیه‌ ده‌ڵێت، "دوای ئه‌وه‌ی له‌لایان تاڵیبانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی کووشتنی لێکراوه‌ له‌ماڵی خۆی هه‌ڵاتوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ووڵاته‌که‌ی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئه‌مریکادا کاریکردوه‌.

فه‌ره‌یده‌ن ده‌شڵێت، "من دۆخه‌که‌ لێره‌ ده‌زانم ئه‌گه‌ر باشیش نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ژیانم مه‌ترسی له‌سه‌ر نه‌بوایه‌ ووڵاتی خۆمم به‌جێنده‌‌هێشت".

په‌نابه‌ران له‌یۆنان

ژماره‌یه‌کی که‌م له‌په‌نابه‌ران ده‌یانه‌و‌ێت له‌یۆنان و ئه‌سینا بمێننه‌وه‌، به‌ڵام به‌زه‌حه‌مت ژیانیان دابین ده‌کرێت، له‌م کاته‌شدا خۆبه‌خشان ئه‌م که‌لێنه‌یان پڕکردۆه‌ته‌وه‌.

ده‌بێت نیشته‌جێبوونی ئه‌م که‌سه‌ نائومێدانه‌ به‌زووترین کات دابین بکرێت.