جۆ بایدن: ئێران دوورە لە بەدەستهێنانی چەکێکی ناوکی

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن گروپێکی لۆبیکردنی سەر بە ئیسرائیلی دڵنیا کردەوە لەوەی ئێران نزیک نییە لە دروستکردنی بۆمبێکی ناوکی.

ڕۆژی یەکشەممە لە واشنتۆن لە میانەی کۆبونەوەیەکی کۆمیتەیەکی پەیوەندی گشتی ئیسرائیلییە ئەمەریکاییەکان، جۆ بایدن ڕایگەیاند " ئێران زۆر زیاتر دوور کەوتۆتەوە لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەوەی ساڵێک لەمەوبەر".

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە چالاکوانانی گوت ئەمەریکا وەکو بازێک چاوی بەسە ئێرانەوەیە.

بایدن هەروەها داوای لە ئیسرائیلیش کرد تووێژ لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی دەستپێبکات بۆ ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی " بە بڕوای من تەنها ڕێگا بۆ مسۆگەر کردنی داهاتووی ئیسرائیل و ئاسایشی ناسنامەی وەکو جولەکە و وڵاتێکی دیموکراتیک چارەسەری دوو دەوڵەتییە".

فەلەستینییەکان بێزاری دەردەبڕن لەمەڕ زیاد بوونی نیشتەجێگای جولەکە لە سەر خاکی دەوڵەتی داهاتووی فەلەستینییەکان.