سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ڕەخنە لە تورکیا دەگرێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ڕەخنەی لە تورکیا گرت بۆ گازندە کردن لەسەر گۆرانییەکی گاڵتەجاری ئەڵمانی کە تیایدا گاڵتە بە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکرێت.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەشۆشیەتد ڕادەگەیەنێت مارتن شوڵز لە میانەی وتووێژێکیدا کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاو کراوەتەوە دەڵێت " ئەمە مایەی قبوڵ کردن نییە کە سەرۆکی وڵاتێکی تر داوا دەکات ئێمە کۆتوبەند بخەینە بەردەم مافی دیموکراسی لە ئەڵمانیا بەس لەبەر ئەوەی ئەو هەست دەکات گاڵتەی پێکراوە".

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەفتەی ڕابوردوو باڵیۆزی ئەلمانیای بانگ کرد و داوای لێ کرد کە ئەو کلیپی گۆرانییە لە ماڵپەڕی دەزگای ڕاگەیاندنی ARD ئەڵمانی لابدەن.

شوڵز کە خۆی ئەڵمانییە، دەڵێت ئەوروپا نابێت بێدەنگ بێت لە ئاست سەرپێچی کردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا بەس لەبەر ئەوەی لەسەر مەسەلەی پەنابەران کاریان لەگەڵ دەکەین.

بە پێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئانکەرە هەر پەنابرێکی کە لە تورکیاوە بگاتە یۆنان ڕەوانەی تورکیا دەکرێتەوە، ئەم بڕیارەش لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستپێدەکات.