وەکو میدیاکانی تورکی باس دەکەن لە دەمی سەردانەکەی هەفتەی رابوردووی ئەردوگاندا بۆ واشنتن پێشنیاری ئەوەی کردبوو ئەمەریکا واز لە PYD بهێنی و پشت بە تورکمان و عەرەبەکان ببەستێت، بەڵام دیارە ئەمەریکا ئەو پێشنیارەی بە دڵ نەبوو و پەسەند نەکرد.
ئارێز ئەندەریاری رۆژنامەوان و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دیارە هۆکاری ئەم پێی خۆش نەبوونەی ئەمەریکا دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتەکانی چەند ساڵی رابوردووێ ئەردوگان، وە ئەو سەرمایەگوزارییەی ئەمەریکا و رۆژئاوا لەسەر تورکیا و حیزبەکەی ئەردوگان کردبویان، ئەوە نەبوو.
کاک ئارێز هەر وەها دەڵێت" ئەردوگان بە پێچەوانەی خواستەکانی ئەوان زۆرتر هەوڵی دا تاک لایەنە لە چوارچێوەی حیزبەکەی خۆێ و تورکیادا هەنگاو بنێ تا وەکو هاو تەریب لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی دونیای رۆژئاوا".
کاک ئارێز دەشڵێت" سیاسەتێک کە تورکیا لەوەتەی کۆماری تورکیا دامەزراوە تا ئێستا بەرامبەر بە کورد لەبەری گرتووە، هەمان سیاسەتە، رەنگە لە هەندێ قوناغدا لە ئاست و پلەی جیاوازدا بۆبێت بەڵام لە جەوهەری سیاسەتەکەیان، سیاسەتێکی دژبەرایەتی بوە وە لەو بروایەدا نییم هۆکارەکەی بگەرێتەوە بۆ باڵا دەستی ئەردوگان، ئەگەر چاو لە مێژووی کۆتاییەکانی عوسمانی تا ئێستا بکەین، تەنیا کۆڵۆنی، تەنیا داگیرکەر کە مابێت لە ژێر دەسەڵاتی عووسمانی کۆن و تورکیادا بەشی هەرە زۆری کوردستانە، وە ئەوان وا بیر دەکەنەوە کوردستانیشمان لە دەست بڕوا، ئیتر تورکیایەک بوونی نامێنێتەوە، لەو چواچێوەدا ئەوان فۆبیای بیری کوردی و بیری نەتەوەیی کوردی و تێکۆشانی کوردیان هەیە و ترسێکی زۆر زۆریان هەیە".
Your browser doesn’t support HTML5