گۆرانی کوردی له‌گه‌ڵ هه‌موو بهرهوپێشچونهکانیدا به‌ڵام هێشتاش نیگه‌رانی هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م هونه‌ره به‌هۆی ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی تیایدایه‌تی. ڕۆژانه له که‌ناڵه‌کانه‌وه چه‌ندان کلیپی گۆرانی په‌خش ده‌کرێن به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی ئاستی هونه‌رییان بکرێت.
هونه‌ری ئاواز و گۆرانی ده‌شێت دێرێنترین مێژووی هه‌بێت به به‌راورد له‌گه‌ڵ ته‌واوی ژانره هونه‌رییه‌کانی تردا، وه‌ک ده‌گوترێت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکی ژیانی مرۆڤدا له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، ده‌شێت نوزهکردنێکی مرۆڤه به‌راییه‌کان که به ئاوازێکی تایبه‌ته‌وه بووه به سه‌ره‌تای ئه‌م هونه‌ره پڕ له هه‌سته دابنرێت و له‌وێشه‌وه هێدی هێدی په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی ئه‌م ژانره بنچینه‌ییه‌ی هونه‌ر بۆته خۆراکێک بۆ ڕۆح.
زۆرێک له گۆرانییه‌کان ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندێتییه کولتوری فه‌رهه‌نگییه‌کانی خۆیانیان له‌ده‌ستداوه و که‌چی هه‌ر ده‌شخرێنه خانه‌ی گۆرانی کوردییه‌وه.
ئایا تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کانی گۆرانی کوردی چین؟
ئایا پشتگوێ خستنی کولتوری کوردی له هونه‌ری گۆرانیدا به مانای هه‌نگاونانی به‌ره‌وپێشی گۆرانی کوردییه؟
ئایا هه‌ر که‌سێک گۆرانی چڕی یانی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژه؟
ئایا ئه‌وه‌نده‌ی گۆرانی کوردی که‌وتۆته ژێر کاریگه‌ری گۆرانی فارسی و تورکی و عه‌ره‌بییه‌وه، ئه‌مانیش کاریگه‌ری گۆرانی و ئاوازی کوردی‌یان به‌سه‌ره‌وه هه‌یه؟
له سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه ئاشنای سۆزی ده‌نگی هونه‌رمه‌ند (حه‌مه ڕه‌ئوف کهکوکی)م . ئه‌وکاتیش که گوێم له گۆرانییه‌کی ده‌گرت هه‌ستم ده‌کرد هه‌ناسه‌یه‌کی شۆڕیجه و خه‌مێکی ڕه‌حیماوای که‌رکوکی له قوڵایی ده‌نگیدا هه‌ڵگرتووه.
هه‌ڵبژاردنی ئاواز و ده‌قی گۆرانییه‌کان لای (حه‌مه ڕه‌ئوف که‌رکوکی) پرۆسه‌یه‌کی ئاسان نییه کاتێک ده‌گه‌ڕێت به شوێن ئاوازێکدا پڕ به به‌ری ده‌قه‌که و شیعرێکیش لێوان لێو له موزیک.
ده‌توانم به ڕاشکاوانه بڵێم که هونه‌رمه‌ندێکی وه‌ک حه‌مه ڕه‌ئوف که‌رکوکی به‌رده‌وامه له پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تی گۆرانییه‌کانیدا هاوشێوه‌ی عه‌لی مه‌ردان و موحه‌مه‌د عارف و ماملێ و حوسه‌ین عه‌لی و داودهییهکان کاتێک گۆرانی‌یان ده‌چڕی هه‌ستت ده‌کرد له ئه‌ندێشه‌یه‌کی قوڵه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه و پێکڕا ده‌که‌ونه شه‌ن و که‌وکردنی خه‌مه وهنهوشهییهکانمان.
ده‌نگی (حه‌مه ڕه‌ئوف که‌رکوکی) یه‌کێکه له‌و ده‌نگه به‌سۆزانه‌ی توانیویه‌تی له نێو ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی له هونه‌ری کوردی‌دا هه‌یه به باشی جێی خۆی بکاته‌وه و ببێته نمونه‌یه‌ک بۆ ئه‌وانه‌ی له خه‌می گۆرانی کوردیدان.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌مان له‌ناو ئاوازه کوردییه‌کاندا کاری خۆی ده‌کات و ده‌خوازێت کوردانه سه‌روسه‌ودا له‌گه‌ڵ هونه‌ری گۆرانیدا بکات و ئه‌مه‌ش نه‌بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی بکاته قوربانی له پێناو هاوچه‌رخێتیدا، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه هاوسه‌نگییه‌کی جوانی له نێوان هه‌ردوکیاندا پاراستووه.
دواترین به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ند (حه‌مه ڕه‌ئوف که‌رکوکی) که من گوێم بۆ ڕادێراوه، گۆرانییه‌ک بوو بۆ (ئه‌نفال). هه‌ر بۆیه‌شه حه‌ز ده‌که‌م له‌م هونه‌رمه‌نده‌مان بپرسم؛ ئایا گۆرانییه‌ک بۆ ئه‌نفال ده‌توانێت ببێته پانۆرامایه‌ک بۆ ئه‌و کاره‌ساته و ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه؟
(حه‌مه ڕه‌ئوف که‌رکوکی) هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ له به‌رنامه‌ی (ژیان له فه‌رهه‌نگدا) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه:
Your browser doesn’t support HTML5