عەگید کەلاری: هیچ لە حەشدی شەعبیەوە نزیک نین و ئەوە پڕوپاگەندەیە دژمان دەکرێت و سەرچاوەکەشی ئانکەرەیە

عەگید کەلاری

هاوکاتی خۆ ئامادەکردنەکان بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ لە دەستی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی کێشە لەسەر بەشداربوونی هێزە جیاوازەکان هەیە لەم ئۆپەراسیۆنەدا.

لە پرۆسەی ئازادکردنی شاری شەنگالدا هێزێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشدارییان کردووە و ئیشتاش هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچەیە هەن و دەخوازن بەشداری شەڕی ئازادکردنی موسڵ بکەن.

سەرکردەی هێزەکانی پاراستنی گەل لە شەنگال (هەپەگە) دەڵێت تورکیا لە یەک کاتدا بەرنامەی هەیە بۆ موسڵ و بەرنامەشی هەیە بۆ ڕۆژئاوا و هێزیشی لە (باشیک) کۆکردۆتەوە و وەک دەڵێت ئەو هێزە بۆ داگیرکردنی شاری موسڵە و دەشڵێت ڕۆژانە بە تۆپ و چەکی تریش بۆمبارانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و ئەو شەڕەش کە لە باکوری کوردستان دەکرێت ڕێگرییە لەبەردەم دەسڕۆییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیادا و بێگومانیش ئەمانە هەموو کاریگەری خۆیان دەبێت لەسەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەهاش لەسەر هێزەکانیش.

عەگید کەلاری دەڵێتئێستا ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ئەو هێزەی جارانی نەماوە و شەڕی ئەم ڕێکخراوە بۆتە دۆسێیەکی سیاسی و لە ڕاستیدا تورکیا دەستێوەردان دەکات کە هەپەگە بەشدار نەبێت لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵدا و پارتی دیموکراتی کوردستانیش هاوڕایە و دەشڵێت لە ڕاستیدا تورکیا هیچ شتێکی نەکردووە لە بەرامبەر داعشدا، بەڵام ئێستا کە ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستییە لاوازبووە، تورکیا دەیەوێت قورسایی خۆی لەسەر ئەم دۆسێیە دابنێت.

ئەم فەرماندەیەی هەپەگە دەڵێت "ئێمە هێزێکی کوردستانین و باشوری کوردستان مەترسی داعشی لەسەرە و داعش هێزی هەیە، ئێمە لە ڕوویەکی نەتەوەییەوە سەیری مەسەلەکان دەکەین، لەبەرئەوە بەشداریکردنمان وەک هێزێکی نەتەوەیی لە پاراستنی باشوری کوردستاندا گرنگی خۆی دەبێت."

بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ عەگید کەلاری سەرکردەی هەپەگە لە شەنگال کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ عەگید کەلاری