لە بەرنامەی ئەمڕۆی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دوو تەوەر باسدەکرێن. یەکەمیان قەیرانی سیاسی عێراق و دووهەمیشیان کۆمەکی دارایی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
تەوەری یەکەم: قەیرانی سیاسی عێراق.
لەوەتای پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی 2003 دا ئەم وڵاتە نوقمی کێشە و ئاڵۆزی سیاسی بووە و بە تایبەتیش ململانێ ئاینزاییەکانی نێوان شیعەکان و سوننەکان لە زۆر جاردا گەیشتۆتە ئاستی خوێنڕشتن. لەو کاتەوە هیچ یەکێک لە حکومەتە یەک بە دوایەکەکانی ئەم وڵاتە نەیتوانیوە چارەسەرییەکی ڕیشەیی بۆ ئەم کێشانە بدۆزێتەوە بەڵکو کێشەکان زیاتر و زیاتر بەسەر یەکدا کەڵەکەبوون.
حەیدەر عەبادی کە پێش نزیکەی دوو ساڵ پۆستی سەرەک وەزیری وەرگرت هاتە سەر میراتێکی گەورەی ئەو کێشانەی عێراق. ئەوەی سەروەختی عەبادی لە سەروەختی کابینەکانی تری وڵاتەکە جیادەکاتەوە، ململانێکانی ناو ماڵی شیعە خۆیەتی کە هەندێک لە لایەنە شیعەکان لە ڕێی ململانێ لەگەڵ عەبادی و پارتی دەعوەیدا دەیانەوێت هێز و کاریگەری خۆیان لە هەردوو بواری پرۆسەی سیاسی وڵاتەکە و هەروەهاش لە شەقامی عێراقدا نیشان بدەن.
لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق ئەگەر پەکیشی نەخرابێت ئەوا بێگومان تا ئەندازەیەکی زۆر ئیفلیج بووە و لە بری پڕۆژە یاساییەکان ، ئەرکە سەرەکییەکەی بۆتە ژمارەیەک پڕۆژەی سیاسی و هەر یەکێکیش لەو پڕۆژانە وەها خۆی پێناسە دەکات کە باشترینە بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی وڵاتەکە.
هەرچۆنێک بێت، خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی دەربڕین لە عێراق بەردەوامن کە لایەنە سیاسییەکان ئاڕاستەیان دەکەن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، هەموو سیاسییەکانی عێراق دەڵێن لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندان بەڵام کەسیان هێشتا نەیانتوانیوە وەڵامێکیان هەبێت بۆ داواکانی خۆپیشاندەران.
پەیمانەکانی حەیدەر عەبادی بۆ چاکسازی نەیتوانی ڕەوشەکە هێور بکاتەوە و ئەو حکومەتە تەکنۆکراتەی باسی دەکات خێرا کەوتە بەر ڕەخنەی لایەنە سیاسییەکان و هەندێکیان بە ئاڵوگۆڕی پۆستەکان ناودێریان دەکرد نەک پرۆسەیەکی گشتگیری چاکسازی کە عێراقی بەشەڕ وێرانبوو ڕزگاربکات.
ئایا دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردن ماوەتەوە لە عێراقدا؟
ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان یان وڵاتانی تری ڕۆژئاوا، بە تایبەتیش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانن ببنە بەشێک لە چارەسەر بۆ عێراق؟
ئایا حهیدهر عهبادی سهرهک وهزیری عێراق بهڕاستی دهخوازێت چاکسازی بکات؟ یان له ههوڵی دوورخستنهوهی نهیاره سیاسییهکانیدایه؟
ئایا سهرهک وهزیری عێراق له ههوڵی کودهتاکردنه بهسهر پرۆسهی سیاسی وڵاتهکهیدا؟
جیاوازییهکان چین له نێوان پهکخستنی پهرلهمانی ههرێمی کوردستان و پهرلهمانی عێراقدا؟
(ئاریان ڕهئوف) نوسهر و لێكۆڵهر وهڵامی ئهم پرسیارانه و پرسیار و سهرنجهکانی ئێوهی ئازیزیش دهداتهوه.
تەوەری دووهەم: کۆمەکی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە بڕی 415 ملیۆن دۆلار وەک کۆمەکی دارایی دەدات بە هێزی پێشمەرگە لە ڕێی بەغداوە کە دەکرێت ئەمەش وەک ئاماژەیەکی تری سیاسەتی ئەمریکا لێی بڕوانرێت سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی عێراق.
دابینکردنی ئەم کۆمەکە داراییە وەک دەگوترێت بەشێکی زۆری لە بودجەی پەنتاگۆنەوەیە.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مەرجی هەیە لەگەڵ پێدانی ئەو بڕە پارەیە، لەوانە بەشداریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ و هەروەهاش ڕوونی و ئاشکرایی لە خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەدا.
پێشتر دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندبوو ئەگەر بێتوو کۆمەکی دارایی نەکرێن ئەوا ناتوانن لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵدا بەشداری بکەن.
ئەم ڕاگەیاندنی کۆمەکی داراییە دوابەدوای ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ هات کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەی دەکات. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیەکی ورد و تەواو کراوە بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و هەروەهاش باسی لەوە کردووە کە هێشتاش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرپەرشتی زۆرێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن.
لە ناو بەڕێوبەرایەتییەکانی ئەمریکادا بەردەوام وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەش لە ڕووی ڕوانینیانەوە جۆرێک لە کێشەیان هەبووە لەو ڕوانگەیەوەی کام یەکێک لەم دوو وەزارەتە لە جیهاندا وێنای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.
وەزراەتی دەرەوە ڕێک سەیری دیمەنە سیاسییەکان و شێوازی فەرمانڕەوایەتی و پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکات، هەرچی وەزارەتی بەرگریشە لە سۆنگەی قەبارە و کاریگەری هێزی شەڕکەرەوە لە وڵاتان دەڕوانێت. .
ئایا بڕیاری ئهمریکا بۆ کۆمهک کردنی دارایی هێزی پێشمهرگهی کوردستان ههموو هێزی پێشمهرگه دهگرێتهوه؟
بۆ ئهمریکا ڕاستهوخۆ ئهم کۆمهکه داراییه ناداته هێزی پێشمهرگه و دهبێت له ڕێی بهغداوه بێت؟
ئایا دیپلۆماسیهتی کوردی هیچ ڕۆڵێکی بینیوه له دابین کردنی ئهم کۆمهکه داراییه به بڕی 415 ملیۆن دۆلار بۆ هێزی پێشمهرگه؟
(سهرکهوت شهمسهدین) نوسهر و شیکهرهوهی سیاسی وهڵامی ئهم پرسیارانه و پرسیار و سهرنجهکانی ئێوهی ئازیزیش دهداتهوه.
Your browser doesn’t support HTML5