دکتۆر جەعفەر عەلی: زۆنی زەرد و زۆنی سەوز پێناسەی لۆکاڵی بوونی حیزبییە لە هەرێمی کوردستان

دکتۆر جەعفەر عەلی

پێدەچێت بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان نزیک بووبنەوە لە مۆرکردنی ڕێککەوتنێک وەک لە میدیاکانی ئەم دوو لایەنەوە باس دەکرێت.

ئەگەرەکانی نزیک بوونەوەی یەکێتی و گۆڕان هاوکاتە لەگەڵ قەیرانە قوڵە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا وەک بەرپرسانی هەردوو لایەن ئاماژەیان پێکردووە ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنچینەی ئەو لێکتێگەیشتنەی پێشوویانە کە بە لێکتێگەیشتنی دەباشان ناسراوە.

بەڵام ئایا ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت ببێتە مایەی گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا و هاوسەنگی سیاسی بە دوای خۆیدا بێنێت؟

دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت لێکنزیک بوونەوەی گۆڕان و یەکێتی یان ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپی هاوبەشگۆڕانکاری بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام وەک دەڵێت قەبارەی ئەم گۆڕانکارییە چەندە و چەند دەتوانێت بە سودی پرۆسەی دیموکراسی و بەرین کردنەوەی ئازادی تاک و ئازادییە گشتییەکان بێت دەمێنێتەوە بۆ قۆناغی پاش ڕێککەوتنەکە و دەشڵێت ئێستا ناتوانرێت هەموو ئەو پێشبینییانە بکرێن کە پێمان وابێت ئەم ڕێککەوتنە یەک دنیا مژدەی بەهەشتی و یەک دنیا مژدەی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.

دکتۆر جەعفەر دەڵێت بەردەوام بە گومانەوە لە هەر ڕێککەوتن و لە هەر لێکنزیک بوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەڕوانێتو دەشڵێت لەوبڕوایەشدایە هەموو ڕێککەوتنەکان و لێک نزیک بوونەوەکان بەرژەوەندییە حیزبییەکانی تیادا ڕەچاو دەکرێت بەڵام وەک دەڵێت ئەگەر ئەو بەرژەوەندییانە لە کۆتاییدا کەوتە خزمەت بەرژەوەندی گشتییەوە ئەو بە هەنگاوێک لە پێناو کۆمەڵگەدا دادەنرێت.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر جەعفەر عەلی نکوڵی لەو نیگەرانییانە ناکات وەک ئەگەرێک لە پاش مۆرکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان و دەڵێت دابەشکردنی هەرێم ئەگەرێکی کراوەیە لەو ڕوانگەیەوەی کە ئێستاش دوو ئیدارەیی هەیە، دوو پێشمەرگە و دوو ئاسایش و دوو پۆلیسی تیادایە، بەو مانایەی تەنها ڕاگەیاندنی ئەو دابەشکردنە ماوە و هەر بۆیەشە دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە دەشێت مۆرکردنی ئەم ڕێککەوتنە تۆخکردنەوەی سنورەکانی دوو ئیدارەیی بە دوای خۆیدا بێنێت.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر جەعفەر عەلی