لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیا و مافەکانی مرۆڤ / سایکس پیکۆ و چاوەڕوانییەکانی کورد

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) دوو تەوەر باسدەکرێن.

یەکەم: تورکیا و مافەکانی مرۆڤ

کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت زانیاری ورد و متمانەپێکراوی پێگەیشتووە لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی لەشکر و هێزە ئاسایشییەکانی تورکیا کردویانە بەرامبەر بە خەڵكی سیڤیلی کورد لە ناوچە کورد نشینەکانی تورکیادا.

ئەم پێشێلکاریانەی لەشکر و هێزە ئاسایشییەکانی تورکیا هاوکات بوون لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیانەی حکومەتی تورکیا کردوونی لە دەڤەری جزیرە و ناوچەکانی تریشدا.

لە ڕاگەیاندنەکەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە زانیارییەکی زۆری پێگەیشتووە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە سەبارەت بە کوشتنی بە مەبەستی خەڵکی سیڤیل کە ژن و منداڵیشیان تیادایە بە دەستی سێرەگرانی لەشکرەوە، هەروەهاش تۆپباران کردنی شوێنە گشتییەکان.

دکتۆر سەلام عەبدولکەریم

سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤیان ڕاگەیاندووە لە کاتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا نزیکەی 100 کەس بە زیندویی لە سێ ژێرزەمیندا سوتێنراون.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات تورکیا دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ورد کە یو ئێن خۆیشی بەشداربێت تیایدا بۆ بە دواداچوون کردن لەسەر ئەو پێشێلکارییانە و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست. بەڵام ئایا ئانکەرە بەو داوایە قایل دەبێت؟

ئایا ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان داوایان ده‌کات بکرێن له‌سه‌ر پێشێلکارییه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ تورکیادا چ گرنگییه‌کیان هه‌یه‌؟
ئایا کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌توانێت له‌سه‌ر پێشێلکاری مافه‌کانی مرۆڤ سزای تورکیا بدات؟
تورکیا چه‌ند به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌م جۆره‌ داوایانه‌ی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌ڕوانێت؟
له‌ کاتێکدا ته‌واوی ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان باسیان ده‌کات دژ به‌ کورد کراون، ئایا ده‌کرێت وه‌ک ده‌رفه‌تێک به‌ ڕووی کورد له‌ تورکیا لێی بڕوانرێت؟
(دکتۆر سه‌لام عه‌بدولکه‌ریم) پسپۆڕی زانسته‌ سیاسییه‌کان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیاره‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه.

دووهەم: سایکس پیکۆ و چاوەڕوانییەکانی کورد

سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی سایکس پیکۆدا ڕەت دەبێت کە نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کێشا و ئێستا زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کاتیەتی پێداچوونەوەیەک بەم پەیماننامەیەدا بکرێت.

پێشتر داڕشتنی سنورەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە سەرەکییەکانی هاوپەیمانانی یەکەم شەڕی جیهانی دانران، بەڵام ئێستا پرسیار لەوەدایە ئەگەر پێداچوونەوە بەو پەیماننامەیەدا بکرێت و سەرلەنوێ نەخشەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژرێتەوە لە بەرژەوەندی کێ دەبێت و ئایا مافی نەتەوەکانی تیادا پارێزراو دەبێت بۆ هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ؟

دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ

هەندێک لە چاودێر وەها دەیبینن ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەت لەلایەن ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامیەوە دەکرێت وەک گۆڕانکاری لە نەخشەی پێشووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینرێت. ڕووبەری دەوڵەتی خەلافەت بەشێک لە عێراق و بەشێکیش لە سوریای گرتۆتەوە.

سەد ساڵ بەر لە ئێستا، پێناچێت لەسەر مێزی دانوستاندنەکانی دیپلۆماتکاری بەریتانی (مارک سایکس) و دیپلۆماتکاری فەڕەنسی (فرانسوا جۆرج پیکۆ)کورد و ئایندەی ئەم نەتەوەیە بەشێک بووبێت لە بیرکردنەوەیاندا.

ئەی بۆ ئێستا چۆنە؟ پاش سەد ساڵ لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکان و شەڕەکان و ڕێککەوتنە ئاشتیانەکان، ئایا کاتی ئەوەیە لەو جۆرە هاوپەیمانێتییانەدا بیر لە نەتەوە بێ وڵاتەکان بکرێتەوە لە پێناو ئاشتییەکی سەقامگیردا؟

ئایا کاتی گۆڕانکاری له‌ ڕێککه‌وتنی سایکس پیکۆدا هاتووه‌؟
ئایا کورد ده‌بێته‌ فاکته‌رێک له‌ ده‌می ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانکارییه‌کدا؟
سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر سایکس پیکۆ لۆمه‌ی براوه‌کانی یه‌که‌م شه‌ڕی جیهانی ده‌کرا، ئه‌ی ئه‌مجاره‌ ئه‌گه‌ر گۆڕانکارییه‌کان کوردیان بێبه‌ش کرد، لۆمه‌ی کێ ده‌کرێت؟

لەگەڵ هەروادێ درێژەکێشانی تەمەنی دەوڵەتی خەلافەت و بەردەوامی شەڕ و ئاشوب لە عێراق و لە سوریاشدا وە ئەگەرەکانی ڕەوشی سیاسی هەندێ وڵاتی تری وەک تورکیا، ئەوەی بۆتە جێی سەرنج، ڕەوینەوە یان تەنک بوونەوەی تارماییەکانی ئەم سایکس پیکۆیەیە بەسەر ئەو ناوچە پڕ لە مشتومڕەی جیهانەوە.

بەڵام دەشبێت بپرسینئایا کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا چه‌ندێک ئاماده‌یه ‌له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری گۆڕانکارییه‌کاندا؟
(دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ) پسپۆڕی یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیاره‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه.

دەقی بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا:‌

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیا و مافەکانی مرۆڤ / سایکس پیکۆ و چاوەڕوانییەکانی کورد