ئەحمەد میرە: ئەو ئیرهابەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان دەکرێت ئیرهابێکی ڕێکخراوەیی دەوڵەتییە

بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەکان بەتایبەتی ئەمینیستی ئینتەرناشناڵ و پەیامنێرانی بێسنور، ڕێکخراوی بەرگری لە ڕۆژنامەنوسان CPJ و Freedom House و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و هەڵمەتی بەدەنگەوەهاتنی یونسکۆ تێکڕا سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژنامەنوسان و میدیا سەربخۆکان دەرخەری ئەو ڕاستیانەن کە پێشێلکارییەکی زۆر بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان و میدیا سەربەخۆکان لە ئارادایە لە جیهاندا بە گشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی. هاوکات هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەکراوە لەو راپۆرتانەو دوورو نزیک ئاماژە بە زۆرێک لەو پێشێلکاریی و توندوتیژیانە دراوە و باس لەمەترسییەکانی بەردەم میدیا و رۆژنامەنوسان کراوە.

رۆژنامەنوسێکی دەنگی ئەمریکا خاتوو ژیار محەمەد بۆ روماڵکردنی کارێکی رۆژنامەگەری لەبەردەم مزگەوتی بەهەشتی شاری سلێمانی لەرێکەوتی 14/5/2016 ئامادە دەبێت؛ لەلایەن کارمەندێکی ئاسیشەوە بە بۆکوز شەق و جنێودان سوکایەتی پێدەکرێت. بەڕای شارەزایانی بواری رۆژنامەگەری ئەم کەیسە یەکێکە لەکۆی ئەو پێشێلکاریی و توندوتیژیانەی کە چەندین ساڵە بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەکرێت.

شارەزایان و چاودێران رایانوایە دیموکراسی بەبێ سەروەری یاسا و ئازادی رۆژنامەگری و بنەما هەرە بنچینەیەکانی مافی مرۆڤ و رووبەرەکانی ئازادی رادەربڕین و دادوەری کۆمەڵایەتی، خاڵی دەبێتە لەمانا هەرە بنەڕەتییەکانی.

سەبارەت بە بارودۆخی رۆژنامەنوسان و پێشێلکاریی و فشارەکان ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ رۆژنامەنوس و سەرنوسەری گۆڤاری لڤین ئەحمەد میرە سازکردووە.

ئەحمەد میرە دەڵێت "ئەو کولتورەی ئەو هێزە ئەمنیانەی پەروەردە کردووە پێیانوایە دەستبردن بۆ سادەترین شتی ناو کۆمەڵگە یان گەیاندنی سادەترین زانیاری بە خەڵک مەترسییەو کێشە بۆ کاروباری ئاسایشی ئەوان دروستدەکات." هەروەها دەڵێت "لەسەرێکی تریشەوە ئەوە بەڵگەی کەمی ئاستی رۆشنبیریی و ئەو هێزانەیە کە ئێمە چەندینجار لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتدا ئەوەمان وتووە پێویستە هێزە ئەمنییەکان خولی رۆشنبیریان بۆ بکرێتەوەو تێبگەیەنرێن لەمەهامی کاری رۆژنامەنوسی و ئەو تەسەروفاتە نابەجێیانەی کە لەرووداوە جیاجیاکاندا ئەنجامی دەدەن دووبارە نەبێتەوە."

سەبارەت بە دەستگیرکردنی تاوانبارانیش ئەحمەد میرە دەڵێت "ئەگەر بهاتبایە دەسەڵاتی دادوەری یان دامودەزگای جێبەجێکردن لەهەرێمی کوردستان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکردایەو وە بکەری تاوانکاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان بدرانایەتە دادگاو وە ئەوانەی کە بکوژی رۆژنامەنوسانن یان ئەوانەی کە توندوتیژیان کردووە یان ئەوانەی کە هەڕەشی کوشتنیان کردووە دادگا بکرانایە؛ بێگومان نە ئەو رووداوەی ژیار محەمەد دووبارە ئەبۆوە نە رووداوەکانی پێشوتریش بوونیان دەبوو."

هەروەها دەڵێت "ئەم تاوانبارانە تائێستا لەبنباڵی هێزە حکومڕانە گەورەکاندان لەهەرێمی کوردستاندا و وە کاربەدەستانی باڵادەستن."

لەدرێژەی وتووێژەکەدا ئەحمەد میرە ئاماژە بۆ ترسناکی ئەو ئیرهابە دەدات بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان "ئەو ئیرهابەی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان دەکرێت لەهەرێمی کوردستان ئیرهابێکی رێکخراوەیی دەوڵەتییە و دامەزراوەی گەورە گەورەی لەپشتەوەیە."

هاوکات دەڵێت " دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان و دامودەزگای قەزایی و ئەمنی و دامودەزگای توندوتیژی لەپشت داڵدەدانی ئەم بکەرانەو ئەم کارەکتەرە مەترسیدارانەوەن."

زانیاری زیاتر لەتەواوی وتووێژەکەدایە......

Your browser doesn’t support HTML5

Interview with Ahmad Mira