جیهادیزمی نێونەتەوەیی لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا کۆنفرانسی پانێڵە جیاوازەکان بوو لە پاریس سەبارەت بە جیهادگەرایی و تیرۆر و داعش کە 35 توێژەر لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاو روسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەشداریان تیادا کردبوو، شایەنی باسە دکتۆر عادل باخەوان وەک تاکە توێژەری کورد لە پاریس بەشداری ئەم کۆنفرانسەی کردوو توێژینەوەیەکی بەناوی (هەرێمی کوردستان: جیهادی نێودەوڵەتی لە ئەنسار ئیسلامەوە بۆ داعش) پێشکەشکرد.
سەبارەت بە کۆنفرانسەکەو ئاستی ئەکادیمی و بەشداری توێژەرانی جیهان ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ دکتۆر عادل باخەواندا سازکردووە.
سەبارەت بە بەشداری توێژەرانی جیهان عادل باخەوان دەڵێت "توێژەرێک لە قەوقازەوە هاتبوو لەسەر ژنە قەوقازییەکان و هاتنەدەرەوەیان لەرادیکالیزم، ژنێکی دیکە لە روسیاوە هاوتبوو، کۆمەڵێک توێژەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتبوون، چەند توێژەرێکمان لەئەمریکاوە هاتبوون، لەبەریتانیاوە، لەئیتالیاوە، لەوڵاتانی ئەسکەندەنافیاوە هاتبوون. کۆی توێژینەوەکان بەڵگەن لەسەر ئەوەی خودی پڕۆسێسەکە؛ پڕۆسێسی رادیکالیزەیشن لەئاستێکی زۆر زۆر فراواندا ئیش دەکات."
هاوکات سەبارەت بە بایەخپێدانی دەستەبژێری سیاسی فەرەنسی بەم کۆنفرانسە گەورەیە دەڵێت "نوخبە سیاسییەکانی فەرەنسا هاتبوون بۆئەوەی گوێ لەتوێژەرەکان بگرنن، دەزانن ئەوەی مەعریفەیەکی بابەتی بەرهەمدەهێنێت توێژەرە. قابیلەیەتی ئەوەی تیادایە گوێبگرێت، بە پێچەوانەی دەستەبژێری سیاسی وڵاتی ئێمە کە هەر ئەکتەرێکیان پێیوایە خۆی لەیەک کاتدا سیاسیەو ئەوەندە فەیلەسوفەو ئەوەندە سۆسۆلۆگە، ئەوەندە ئەنترۆپۆلۆگە، واتە سیاسی ئێمە راهاتووە هەمیشە قسە بکات، نەوەک قسەی بۆ بکرێت."
لە ڕێی ئەم بەستەرەوە گوێبیستی تەواوی بەرنامەکە دەبن....
Your browser doesn’t support HTML5