دکتۆر لوئەی جاف: کوردە شیعە ئاێینزاکان باجی کورد بوون و کوردایەتی خۆیان داوون
زۆر جار لەملاو ئەولا دەبینین و دەبیستین، جا لە نەزانینەوە بێت وە یاخود بە مەبەستەوە ئەو تاوانە دەخرێتە پاڵ کوردە بە ناو شیعە نشینەکانی خانەقین، مەندەلی، جەلەولا وە یاخود کوردە فەیلیەکانی بەغدا و بەدرە و جەسان و ناوچەکانی تر گوایە لایەنە ئاێینزاییەکەیان زاڵە بەسەر لایەنە کوردی و نەتەوایەتیەکەیاندا.
بێگومان وا دیارە ئەو کەس و لایەنانە لە بارەی ئەو ناوچانەو کەسایەتیەکانی شارەزایی و زانیاریەکی بە ئەندازەی پێویستیان نییە کە تا چەند لە بزوتنەوەی کوردایەتیدا ئەو کوردە شیعانە رۆڵیان هەبوە.
دکتۆر لوئەی جاف لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" پێیم وایە ئەو خوێندنەوەیە هەڵەیە، راستیەکە ئەوەی کە لە واقعی رۆژانەی خۆماندا دەیبینین، لە رابوردوو و لە ئێستادا ئەوەیە ئەو کوردانەی ئاێینزایی شیعەیان هەڵبژاردووە رۆڵیکی سەرەکیان هەیە لە بەرەو پێشەوە بردنی بزاڤی کوردایەتی لە رووێ سیاسی، ئابوری، کەلتوری و کۆمەڵایەتی و رووکانی تریش و نموونەشمان زۆرە ، ئەوەیە کە زۆربەی سەرکردەی حیزبەکان چ لە چەپەکان، راسترەوەکان، چ لە لایەن یەکێتی بێت وە یاخود پارتی، یان پارتەکانی تر، شیعە مەزهەبی زۆرمان هەیە کە پێش هەموو شتێک کوردن دوواتر شیعەن، رەنگە شیعەییەکەیان زۆر زۆر کاڵتر بێت".
دکتۆر لوئەی هەر وەها دەڵێت" پێیم وایە هەستی کوردایەتی ئەو کوردە شیعانە زۆر باڵایە و لەسەر کوردایەتیدا رۆژانە دەچەوسێنرێنەوە، جا چ لە بەغدا بێت وە یاخود لە خانەقین، جەلەولا، مەندەلی وە یاخود بەدرە و جەسان.
لە رابوردوو زۆرتر و ئێستاش کەمتر، باجی کورد بوونی خۆیان داوە وە هەزارەها فەیلی لەبەر ئەوەی لە پێشدا کورد بوونە دەر کراوون و رەوانە و ئاوارە شوێنی تر کراوون".
دکتۆر لوئەی دەشڵێت" ئەو جۆرە بوختانانە زیانێکی زۆر بەو کوردە شیعانە دەگەینێ لە رووێ کۆمەڵایەتی کە بەشێکی سەرەکین لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردیدا وە بە هوێ کورد بوونیانەوە باجی خۆیان داوون و ئەو بۆختانانەش رەوا نیین".
Your browser doesn’t support HTML5
هەر بۆ زانیاری.......
فواد الرکابی لە رێبەرانی پارت بەعس و ئەندازیارانی ئینقلابی 1963 بەعسیەکان ئاماژە بە خانەقین دەکات وەکو ( مۆسکۆێ بچووک – موسکو الصغیرە) بە هۆێ روڵی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لەو سەردەمانە و پارتی کۆمۆنیستی کوردستان ئێستاکە لەو شارەدا کە لە شیعە و شیعەگەرایی دوور بوونە و هەر لە نێوان کوردە شیعەکاندا چەندین کەسایەتی هەڵکەوتووە.
حوسەین فەیلی سکرتێری پارتی دیمۆکراتی کوردستان
حەبیب مەحمەد کەریم فەیلی سکرتێری پارتی دیمۆکراتی کوردستان
عەزیز الحاچ سکرتێری پێشووی پارتی کۆمۆنیستی عێراق
عادل موراد سکرتێری یەکێتی قوتابیان لە 70 کاندا و لە دامەزرێنەرانی و سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
عەبدولرزاق فەیلی سەرۆکی یەکێتی لاوانی کوردستان لە 70 کاندا و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی.
زەکیە ئیسماعیل حەقی سەرۆکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە 70 کان
عبدولرەحمان فەیلی سەرۆکی رێکخستنی پارتی لە نێۆ خوێندکاران لە 70 کاندا لە بەغدا تا کاتی رەوانەکردنی بۆ ئێران کە پاشان کەریم سنجاری جێگای گرتەوە.
یەدوڵا فەیلی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیمۆکراتی کوردستان
لەیلا قاسم خەڵکی خانەقین و یەکمین ژنی کورد لە عێراقدا لە سێدارە بدرێت
جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
دکتۆر فواد حوسەین سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
مامۆستا عیماد ئەحمەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی
کۆردۆ قاسم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و پاشان گۆڕان
مامۆستا جەعفەر – فازیل ئەحمەد ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان.
وەسفیە بەنی وەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بلیسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
و چەندین کەسانی تر کە لەو ناوچانەوە سەریان هەڵداوە و لە پێناوی کوردایەتیدا باجی خۆیان داوون.
شایانی ئاماژە پێکردنە لە دەستپێکردنەوەی شەر لە ساڵی ١٩٧٤ یەکمین فرۆکەی بەعس بە دەستی حەیدەر لە کوردە فەیلیەکانی بەغدا خرایە خوارەوە.