جۆن کیری سەردانی لەندەن دەکات

پاش ئەوەی سەرسوڕمان لە بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ جیابونەوە لە یەکێتی ئەوروپا لە ڕۆژی یەکشەممەش هەر بەردەوامە، لە کاتێکدا سیاسەتی و پەیوەندییەکانی لە گەڵ جیهاندا بەرەو ناڕوونییەکی قوڵتر دەڕۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جۆن کیری کە ئێستا لە ئەوروپایە، ڕایگەیاند سەردانی لەندەن و بروکسلیش دەکات کە پێشتر ڕانەگەیاندرابوو.

بڕیارە جان کیری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا فلیپ هامۆند و کاربەدەستانی تردا کۆبێتەوە وەکو بەشێک بۆ پرۆسەی مانەوەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی سەرەکی واشنتۆن لە قۆناغێکی نوێدا کە بەریتانیا کەمتر پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپا دەمێنێتەوە.

سەرۆک ئۆباما داوای کردبوو کە بەریتانیا لە ئەوروپا نەکشێتەوە. سەرۆک وەزیری کۆچکردوو وینستن چرچڵ گوتبووی پەیوەندی تایبەتی ئەو دوو وڵاتە وا دەکات وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەیکا بە ڕێگای بەریتانیا دەنگێی بەهێزتری لە یەکێتی ئەوروپادا هەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما نیگەرانی لەمەڕ دەرچوونی بەریتانیا دەربڕی، سەرۆک ئۆباما لە میانەی لێدوانێکیدا لە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند " شانشینی یەکگرتوو و یەکێتی ئەوروپاش هاوبەشی سەرەکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەمێننەوە لە کاتێکیشدا کە ئەوان وتووێژ لەسەر پەیوەندییەکانیان دەکەن".

لە لەندەن کیری ڕووبەڕووی بارودۆخێکی نائارامی سیاسی دەبێتەوە. لە پاش بڕیاری دەنگدەران بۆ جیابوونەوەی سەرۆک وەزیر دەیڤک کامیرۆن لە ڕۆی هەینی دەستی لە کار کێشایەوە و بە ئاشکرایی ڕایگەیاند ئەو نابێت بەو کەسەی کە وتووێژ لەسەر شتە فەرمییەکان بۆ جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپادا بکات. کامیرۆن دەستەیەک دەستنیشان دەکات بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە، بەڵام وتووێژە فەرمییەکان ڕەنگە هەتا پاش مانگی 10 دەستپێنەکات کاتێک کە چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک وەزیرێکی نوێ لە پارتی کۆنەپارێزی کامیرۆن دەست بە کاربێت.

دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا پارتی کاریشی خستۆتە بێسەروبەرییەوە، لە کاتێکدا داواکاری بۆ دەستلەکار کێشانەوەی سەرۆکی پارتەکە جێرمی کۆربین زیاد دەکات. ئەندامانی پارتەکە تاوانباری دەکەن بۆ ئەوەی نەیتوانی پشتیوانی لە نێوان خودی پارتەکە کۆبکاتەوە بۆ شکستی دەرچوونەکە.

هاوکات وڵاتە دامەزرێنەرەکانی یەکێتی ئەوروپا فشار بۆ بەریتانیا دەبەن بە زووترین کات یەکێتییەکە بەجێ بهێڵێت.

بەر لە سەردانەکەی بۆ لەندەن ڕۆژی دووشەممە جۆن کیری لەگەڵ بەرپرسی ڕێبازی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا فێدریکا مۆغرینی لە بنکەی سەرەکی یەکێتی ئەوروپا لە بروکسڵ کۆدەبێتەوە.

ئەو دیپلۆماتە باڵایەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە ڕۆما بوو بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.