دکتۆر جەبار قادر: رفراندوم پرسێکی چارەنووس سازە و کاری یەک کەس و یەک پارت نییە
پرسی رفراندوم لە هەرێمی کوردستان زۆر جار وەکو شەپۆلی دەریا لە هەڵسان و داکشاندا بوە، پرسێکە کە بێگومان بە سەربەخۆیی کوردستانەوە گرێ دراوە.
بارزانی لەو دەمەی لەسەر دەسەڵاتە لەوانەیە لە هەموو کەس فەرەتر باسی سەربەخۆیی کوردستانی کردبێت بەڵام ئەو رەخنەی لێدەگێردرێت گوایە تا ئێستا جگە لە قسەکردن بە کردار هیچ هەنگاوێکی دانەناوە.
ئێستاکە کە دیسانەوە باسی رفراندوم هاتوەتە ئاراوە و گوایە بارەکە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ئەو راپرسیە، ئایا لە راستیدا بارەکە گونجاوە؟
دکتۆر جەبار قادی لێکۆڵەر و شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەراست لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بەڵێ پێیم وایە بارەکە هەموو کات گونجاوە، بەڵام بێگومان کۆمەڵێک مەرجی لەگەڵدایە، کۆمەڵێک کێشەی لەگەڵدایە، کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرە، ئەگەر رفراندوم بۆ ئەوەیە ئایا خەڵکی کوردستان دەیەوێت جیا ببێتەوە لە عێراق یان نە، ئەوە پێیم وایە لە ساڵی 2005 وە ئەو دەربڕینە هاتە ئاراوە وە خەڵک هەڵوێستی خۆێ راگەیاند، بەڵام ئەوەی مایەوە ئەوانەی کە لەسەر دەسەڵاتن وە ئەوانەی کە بەشداریان کرد لە دامەزراندنەوەی حکومەتی عێراقدا ئەوان بوون ئەنجامەکانی ئەو رفراندومەیان لە پێش چاو نەگرت".
دکتۆر جەبار هەر وەها دەڵێت" رفراندوم ئەگەر مەبەست ئەوە بێت بڵێن بەڵگەیەکمان بە دەستەوەیە کە خەڵکی کوردستان ئەمەی دەوێ، ئەمەش جۆرە پرۆسەیەکە کە چۆن دەبێت ئەنجام بدرێت، لە لایەکی ترەوە پێێم وایە بەشێکی دەچێتە چوارچێوەی پرۆپاگەندەی سیاسی، ململانی سیاسی بۆ یەکتر شکاندنەوە بە کار هێناوە و بەشێکی تریشی دەربڕینی خواستێکی رەوای خەڵکی کوردستانە وە خەڵکی کوردستان لە زووەوە هەڵوێستی خۆێ راگەیاندووە".
دکتۆر جەبار دەشڵێت" رفراندوم پرسێکی چارەنووس سازە، هەموو تاکێکی گەڵی کوردستان دەگرێتەوە وە چارەنووسی هەموو تاکە گەلێکی کوردستان لێرەدایە، ئەمە کاری یەک کەس و یەک پارت نییە، بە بێ یەک دەنگیەک و بە بێ پشتێوانی و پشتگێری هەموو تاکێکی کۆمەڵگا ئەوە کارێکە ئەنجامی نابێ".
Your browser doesn’t support HTML5