سوپاى عێراق دەیەوێت هێز ڕەوانەى دەوروبەرى خورماتو بكات و پێشمەرگەش هەڕەشە دەكات

حكومەتى عێراق دەیەوێت سوپا ڕەوانەى ناوچە كوردستانیەكانى پارێزگاى سەڵاحەدین بكات و ، هێزى پێشمەرگەش لەو ناوچانە رێوشوێنى سەربازى گرتووەتەبەر بۆ ڕێگرتن لەگەڕانەوەى سوپاى عێراق.

عەبدوڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى سەڵاحەدین ى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"سوپاى عێراق نیەتى باش نییە و دەیەوێت هێز ڕەوانەى دەوروبەرى قەزاى خورماتو بكات ، پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەسوپا نادات بێتە ئەو ناوچانە." ناوبراو گوتیشی "پێشمەرگە لەدەوروبەرى قەزاى خورماتوو خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە و ڕێگە بەسوپا نادەین هێز بهێنن ." ناوچە كوردستانیەكانى پارێزگاى سەڵاحەدین تا پێش هاتنى داعش لەژێر كۆنترۆڵى سوپاى عێراق دا بوو ، بەڵام دواتر ئەو ناوچانە لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵكران و پاشان پێشمەرگە تەواوى گوندەكانى باشورى خورماتووى لەبن دەستى داعش دەرهێنا و خستنیە ژێر كۆنترۆڵى خۆیەوە. عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى لە سەڵاحەدین و كەركوک، گەڕانەوەى سوپاى عێراقى بۆ دەوروبەرى خورماتوو بەستەوە بە گۆڕانکارییە سیاسیەكانەوە و گوتی" گۆرانكارییەكان ئاراستەى ڕووداوەكان دیارى دەكەن." چاوەروان دەكرێت گەڕانەوەى سوپاى عێراق بۆ دەوروبەرى خورماتوو ببێتەوە مایەى سەرهەڵدانەوەى ئاڵۆزى ، بەتایبەت كەلەماوەى چەند مانگى ڕابردوودا لەو ناوچانە شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى ڕوویداوە.

دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرمان لە گەرمیان دڵشاد ئەنوەر

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر