فەلاح موراد: قەیرانێکی مرۆیی زۆر گەورە بەڕێوەیە

Falah Murad

فەلاح موراد: قەیرانێکی مرۆیی زۆر گەورە بەڕێوەیە

رۆژی جیهانی کاری فریگوزاریی مرۆیی لە جیهاندا سەرباری قەیران و جەنگە سەختەکانی تیرۆر و رووبڕووبونەوە خوێناوییەکان و قەیرانی بێوێنەی کۆچبەران، بەڵام ساڵێکی پڕنشنگدار لە خزمەتگوزاریی مرۆیی خۆبەخشانە و رێکخراوانە تێدەپەڕێنێت. ساڵێک پڕ لە تەنگەژە و نەهامەتی گەورەی ئاوارەکان و قوربانیانی دەستی جەنگ و تیرۆر.

هاوکات قەیرانە ئابوری و سیاسی و ئاسایشییەکانی عێراق شارەزایان و چاودێرانی خستۆتە بەردەم نیگەرانی و بۆچونی جیاوازەوەو رزگارکردنەوەی دووەمین شاری گەورەی عێراقیش لەژێر دەسەڵاتی داعشدا پێکڕا نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوپەیمانان و وڵاتانی ناوچەکەی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.

بۆ ئەو مەبەستە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ داکۆکیکار و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ فەلاح موراد سازکردووە.

فەلاح موراد دەڵێت "ئەو بارودۆخەی کە لە ساڵی 2014 و پێشتریش لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی سوریادا روویاندا، نەهامەتی و لێقەومانێکی زۆر گەورە بوو".

هەروەها "نە کۆمەڵگەی ئێمە، نە حکومەتی هەرێم، نە حکومەتی عێراق ئامادەی ئەوە نەبوون کە بتوانن خزمەتگوزاریی تەواو پێشکەشی ئەو هەموو ئاوارەیە بکەن".

سەبارەت بە فریاگوزاریی خۆبەخشانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان فەلاح موراد دەڵێت"نابێت ئەوە لەبیربکەین کە بەخشندەیی و خۆبەخشی هاوڵاتیانی سادە، کە ئێمە دەمانبینی کە خەڵک پاروی خۆی، دەغیلەی منداڵەکانی، لە موچەی شەهیدانەیان؛ خەڵکێکی زۆر بە ویژدان لەداهات و توانای زۆر سادە و ساکاری خۆیان هەوڵیان دەدا یارمەتی ئاوارەکان بدەن".

هەروەها "ئەو کۆمەکەی کە هاوڵاتیانی سادە بۆ ئاوارەکانیان کرد، زۆر لەکاری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەرێکخراوەکانی ئێمەش گەورەتر بوو".

لەبارەی پرسیارێکمانەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچی حکومەتی هەرێم ناتوانێت هاوکاری و کۆمەکی ماددی راستەوخۆ لەئەورپا و وڵاتانی خۆرئاواو نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرێت بۆ یارمەتی ئاوارەکان، فەلاح موراد وتی "راستە بەجۆرێک لەجۆرەکان خاوەنی حکومەتێکین، بەڵام حکومەتێکی لاوازە، لەئاستی نێودەوڵەتیشدا باوەرپێکراو نیە".

سەبارەت بە پێشهاتەکانی هەوڵی رزگارکردنی موسڵیشەوە فەلاح موراد دەڵێت "موسڵ شارێکی زۆر گەورەیە، لەسەرو 3 ملیۆن خەڵک تیایدا دەژین، ئەگەر ئەو قەیرانە گەورەیە رووبدات و ئەو ئاوارانەی موسڵ بە لێشاو رووبکەنە ئێمە، پێموایە قەیرانێکی مرۆیی زۆر گەورە بەڕێوەیە".

هەروەها دەڵێت " حکومەتی هەرێم توانای ئەوەی نیە ئاوارەی زیاتر وەربگرێت".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە گوێبیستی تەواوی وتوێژەکە دەبن....

Your browser doesn’t support HTML5

Interview with Falah Muradkhan