گۆران ئازاد: هێزە کوردیەکان و سەرکردە کوردیەکان خەریکی ناکۆکی و هەڵوەشانەوە و هەڵتەکاندنی هەرێمەکەمانن
لەم رۆژانەدا لە میدیا کوردیەکان باس لەوە دەکرێت ئەگەر ستاندارە جیهانیەکان و ئەو پێوەڕەی کە لە جیهانی رۆژئاوادا باوە لەبەر چاو بگرین، ئەو حکومەتەی کە هەرێمەکە بەرێوە دەبات ( کە ئەنجومەنی وەزیرانیش دەگرێتەوە) ئەو پەرلەمانەی کە هەیەتی وە ئەو بەناو سەرۆکەی کە هەیەتی و ماوەکەی بەسەر چووە، ئایا ئیتر رەواییان ماوە؟
گۆران ئازاد ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی یەکێتی نیشتمانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بە راستی رەواییەکەی دوو جۆرە، یاخود بنەماکەی رەواییەتی سەرچاوەکەی گەل و قانونە، یاخود رەواییەتی ئەوەی کە پێی دەوترێت ( امری واقع) و شۆڕشگیری کە زۆر جار لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بوونی هەیە، ئەگەر ئێمە لە رووێ قانونی و رەوایەتی گەلەوە سەیری بکەین، گەل و قانون دەسەڵاتی داوە بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە وا کارەکانی خۆێ هەڵبژێردرێ وە گەل رەوایەتی داوە بە سەرۆکی هەرێم کە بۆ چوار ساڵ بەردەوام بێ، بەڵام بە پێی یاسای ژمارە 19 ، لە 19/8 وە ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم کۆتایی هاتوە، واتە ئێمە ئێستا لە بۆشایی نەبوونی رەوایی قانونی سەرۆکی هەرێمی کوردستانین، لەولاشەوە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە بریارێکی سیاسی وەکو دوکانێک داخراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا تەنها دەتوانم بڵێم حکومەتێکی ( تنسیق اعمالە)".
کاک گۆران هەر وەها دەڵێت" هەرێمی کوردستان بە بوونی خەباتی شۆڕشگیری، بە مینەتی رابوردوو بنەما ئەساسیەکانی بەرێوە دەچێ نەک بە پێی قانون و شرعیەتی، لە هەموو دونیادا لە روبەرووبۆنەوەی قەیران وە لە هاتنە پێشەوە دەرفەت هێزەکان یەک دەگرن، بەڵام هێزە کوردیەکان و سەرکردە کوردیەکان خەریکی ناکۆکی و هەڵوەشانەوە و هەڵتەکاندنی هەرێمەکەمانن، سەرکردە ئەگەر سەرکردە بێ، دەبێ سەرکردایەتی بەرژەوەندی گەل بکات، سەرکردایەتی بەرژەوەندیە تاێبەتیەکانی خۆێ ناکات".
کاک گۆران دەشڵێت" هەموو هێزە سیاسیەکان لە دەستکەووت و شکستەکانی هەرێمی کوردستاندا بەشدارن، یەکێتی هێزێکە جیاوازە لە هێزەکانی تر، بەرپرسیاریەتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە قورسیەکان دیاری ناکرێ، بەرپرسیارەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ناو ئەم حکومەتە، بەرپرسیاریەتیەکی قورس و چارەنووس سازە، بۆیە یەکێتی تا ئەم ساتە لە ناو حکومەت ماوەتەوە".
Your browser doesn’t support HTML5