ژەنەراڵ عامر بەگ: بوونی هێزەکانی تورکیا دیمەنە سیاسییەکەی عێراق و ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ دەشێوێنێت

لە ڕوانگەی ئەو جموجۆڵە لەشکریانەی لە دەوروبەر و ناو سنورەکانی پارێزگای نەینەواوە دەبینرێن پێدەچێت وەک دەگوترێت ڕۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەرەکی بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ لە تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی نزیکبووبێتەوە.

ژەنەراڵ عامر بەگلە هێزی ئاسمانی عێراقی دەڵێت بەر لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ پێویستە پاراستنی ژیانی خەڵکی سیڤیڵ ڕەچاو بکرێت و داوایەکیش لە دانیشتوانی شارەکە دەکات تا لە دەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا شارەکە جێنەهێڵن و هاوکاری هێزە ئاسایشیە عێراقیەکان بکەن بۆ ڕزگاربوون لە زۆرداری و مەینەتیەکانی داعش.

ژەنەراڵ عامر کە سەرۆکی بەرەی ئایندەی نەینەواشە باس لە تەگەرە و گرفتەکانی بەردەم ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی موسڵیش دەکات. وەک دەڵێت لە سەروی هەموویانەوە نەبوونی ڕێککەوتنی سیاسیانەی نێوان لایەنە بەشدارەکانە و دەشڵێت هەر لە ئێستاوە هەندێک لایەن هەن بە ئاشکرایی داوا دەکەن بزانن لە پاش ڕزگارکردنی شارەکە چ ڕۆڵێکیان دەبێت.

ژەنەراڵ عامر دەڵێت کێشەیەکی تر ئەوەیە زۆرێک لەوانەی گوناهبارن لە کەوتنی موسڵدا ئێستاش لە ناو بەڕێوبەرایەتی ناوخۆیی پارێزگای نەینەوادان و دەشڵێت ئەمە جێی قایل بوون نییە " چونکە موسڵ شوێنێک نییە بۆ قومارچییەکان و ئەوانەی یاری بە چارەنوسی ئەم شارەوە دەکەن."

یەکێک لە مەترسییەکانی تری پاش ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ زیاتربوونی ئاستی ناکۆکییەکانی نێوان عەشرەتە سوننەکانی پارێزگاکەیە، واتە ئەوانەی پشتیوانی لە داعش دەکەن لەگەڵ ئەوانەی دژی ئەم دەوڵەتە ئیسلامیەی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی لە شەڕدان.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ ژەنەراڵ عامر بەگ، سەرۆکی بەرەی ئایندەی نەینەوا، بەڵێن ساڵح راپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرت لەسەر بنچینەی لێدوانەکانی ژەنەراڵ عامر بەگ