وەکو باس دەکرێ و ئەوەی شاراوە نییە تورکیا رۆژانە قەندیل و ناوچەکانی تری کوردستان بۆمباران دەکات و جیهان بێدەنگە و گوێ لە هیچ نییە، لە باکور شارەکان وێران دەکرێن، ئەوروپا و ئەمەریکا بێدەنگن، تورکیا دێتە رۆژئاوا و خاکی سوریایشی داگیردەکات، هەموو هەر بێدەنگن، بگرە یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکاش کارێکی ئەوتویان نەکرد بۆ راگرتنی هاتنە ژورەوەی تورکیا و داگیرکردنی خاکی سوریا و بۆمبارانکردنی ناوچەکانی ژێر دسەڵاتی یەپەگەی هاوپەیمانی ئەمەریکا لەشەری داعش.
ئاخۆ کورد و رێکخراوە کوردیەکان لە تاراوگە چیان کردووە بۆ فیشار درووستکردنە سەر تورکیا بۆ راگرتنی ئەو جۆرە رێبازەی دژ بە کورد؟
ئادەم ئوزون ئەندامی کونسەی رێبەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دەوڵەتی تورکیا جارێکی تر پێشانی دا کە هەرە دوژمنی کوردە، دەوڵەتی تورکیا نایەوی کورد هیچ قەوارەیەکی تاێبەت بە خۆێ هەبێ وە ئێمەش وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK هەموو جارێک بۆ یەکێتیی ئەوروپا، بۆ ئەمەریکا نامە دەنووسین، هەموو جارێک دۆسیە دەنێرین، هەموو جارێک هەڤدیتن، کۆنفرانس و خۆپێشاندان ئەنجام دەدەین، ئەمانەوی باوەر بەوان بهێنین ئەوەی تورکیا دەیکات لە بەرژەوەندی ئەوانیشدا نییە".
کاک ئادەم هەر وەها دەڵێت" لەبەر ئەوەی ئەگەر بێت و تورکیا ئەنتی دیمۆکراتیک بێت، ئەگەر دیکتاتوری بێت، ئەو کات هەم بەرژەوەندی ئەوانی ئابوری، لەشکەری و هەم سیاسیش سەر ناگری، لەبەر ئەوەی تورکیایەکی نا ئارام بۆ ئەوروپا، ئەمەریکا و هەموو لایەک و شەری داعشیش باش نییە، ئەوروپا و ئەمەریکا جار جار دەنگیان بەرز دەکەنەوە و هەندی شت هەیە بەڵام مەخابن بە دڵی ئێمە نییە".
کاک ئادەم دەشڵێت" ئێستا ئەو ئیستاتوسی status وە یاخود ئەو رەوش و بارودۆخەی نەتەوە دەوڵەت کە لە ناوچەکە لە ئارادایە دەستکاری ئەوروپا و ئەمەریکایشی تێدایە، ئەوان لە 100 ساڵی رابوردوودا لەوێ سیستمێکیان درووستکردووە و دەیانەوێ ئەو سیستمە بپارێزن و هەر لە بەر ئەوەیە تورکیا دەپارێزن و بێدەنگن و سەرە رای ئەو هەموو کۆمەڵ کوژی و ژینوساێدە هێشتا لە بەرامبەر تورکیادا بێدەنگن لەبەر ئەوەی ئەڵترناتیڤێکی تریان بۆ ئەردوگان نییە،، ئێمەش دەڵێن راستە سۆسیاڵ دیموکراتەکانی جەهەپە ناتوانن ببنە ئەلترناتیڤێک بەڵام کورد و دیمۆکراتەکان دەتوانن وە ئێمە حەز دەکەین باوەریان پێی بهێنین هەدەپە دەتوانێ ببێتە ئەڵترناتیڤ".
Your browser doesn’t support HTML5