سەرۆک ئۆباما داوای لە دەزگا سیخوڕییەکان کردووە کە بە تەواوەتی پێداچوونەوە بەسەر "چالاکییەکانی کە پەیوەندی بە هاککردنەوە هەیە بکەن" بە مەبەستی شیانی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016ی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
پاش ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی هەینی، دوو ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەمەریکا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمس و واشنتۆن پۆست، ڕایانگەیاند ڕوسیا دەستی خستۆتە نێو هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی ئەمەریکا لە بەرژەوەندی دانۆڵد ترامپ.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمس ڕایگەیاندووە ڕوسیا کۆمپیوتەرەکانی هەردوو کۆمیتەی نیشتمانی کۆمارییەکان و کۆمیتەی نیشتمانی دیموکراتەکانی هاک کردووە، بەڵام تەنها شتە خراپەکانی دیموکراتەکانی بڵاو کردەوە.
ئەو زانیاریانەی ئیمەیلەکانی دیموکراتەکان کە بڵاو بوونەوە زیانێکی زۆری پێیان گەیاند و ڕۆژنامەکە دەڵێت ئاژانسە هەواڵگیریەکان ، گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە ڕوسیا بەڵگەنامەکانی دیموکراتەکانی داوە بە ویکیلیکس.
کاربەدەستێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە باسی ڕوسیای کردووە و بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی گوتووە " ئێستا ئێمە بڕوای زۆرمان هەیە کە ئەوان بێگومان کوپیوتەرەکانی هەردوو DNC و RNCیان هاک کردبوو بەڵام بێگومان هیچ بەڵگەنامەیەکی RNC یان بڵاو نەکردۆتەوە.
ڕۆژنامەکە دەڵێت ئەو کەسە ڕوسیانەی کە کاربەدەستانی هەواڵگیری ئەمەریکا دەڵێن بەرپرسیار بوون لەو هێرشە کۆمپیوتەرییانە دەستنیشان کراون بەڵام هێشتا کەس سزا نەدراوە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش دەڵێت CIA لەو بڕوایەدایە ڕوسیا دەستی خستۆتە هەڵبژاردنەکانەوە تا یارمەتی ترامپ بدات بیباتەوە. لە بابەتێکدا کە لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەکە ئێوارەی هەینی بڵاو کرایەوە، ڕۆژنامەکە لە زاری کاربەدەستێکەوە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە دەڵێت مەبەست لە دەستێوەردانەکە هاوکاری کردنی یەکێک لە کاندیدەکان بووە بۆ ئەوە بووە کە ترامپ بیباتەوە.
لە ئێسستادا فشار لەلایەن ئەو ئەندامانەی کۆنگرێسی دیموکرات و کۆماریش زیادی کردووە کە داوا دەکەن لێکۆڵینەوەیەکی گشتی سەرتاسەری لە بارەی دەستێوەردانی ڕوسیاوە ئەنجام بدرێت.
ڕاپۆرتەکەی واشنتۆن پۆست دەشڵێت کۆشکی سپی ئاگاداری ئەو دەستێوەردانە بووە بۆ چەند مانگێک بەڵام نەیتوانیوە بڕیار بدات لەسەر ئەوەی بە چ جۆرێک وەڵام بداتەوە بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بەبێ ئەوەی ناکۆکی لەگەڵ مۆسکۆدا دروست بکات و یان تاوانبار بکرێت بەوەی کە ڕەنگە هاوکاری کڵنتن بکات.