لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ماڵئاوایی لە 2016 و پێشوازی لە 2017

ساڵەکان دێن و دەڕۆن و لە کۆتایی هەر ساڵێکیشدا ژمارەیەک خواستی نوێ یانیش خواستەکانی پێشتر نۆژەن دەکرێنەوە بۆ ساڵی ئایندە.

ڕووداوگەلێکی زۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەبوون لە دۆسێی قەیرانی دارایی و بیگرە تا دەگاتە ئەگەر و نەگەرەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی. تەواوی ئەم ڕووداوانەش بە ڕەوشێکی ئاڵۆزی سیاسی و ئاسایشیدا تێپەڕیون.

ڕووداوەکان لە ژینگەیەکدا بوون پێشبینی کردن لەسەریان سانا نەبوو، پەرەسەندنەکان خێرا و تیژڕەو بوون، لە بەرامبەریشدا ئامادەکاری و نەخشەڕێژیەکان بۆ سەر و سەودا کردن لەگەڵ تەوای پەرەسەندنەکان چ لە ناو هەرێم و چ لە ناوچەکەشدا لاواز خۆیان دەنواند، وەک هەندێک دەڵێن چونکە پێشبینی نەکراوبوون و هەندێکی تریش لەوبڕوایەدان کەموکوڕی و کەمتەرخەمیەکان لە نەبوونی ئامادەکارییەکان و پلان داڕشتنەکاندان.

لە تەواوی ساڵی 2016 دا شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی درێژەی هەبووە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دانەبڕوانە بەرپەرچی تەواوی پیلانەکانی داعشی داوەتەوە و بە شێوازێکی نمونەیی بەرەنگاری هێرشەکانی داعشی کردووە و زۆرێکیشی لەو ناوچانە ئازادکردووە کە تێرۆریستان داگیریان کردبوو لە چوارچێوەی ئەو سنورانەی بۆ دەوڵەتە خەلافەتییەکەیان دایاننابوو.

میوانی بەرنامە:

شەماڵ ئەحمەد، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

هەر لەم ساڵەدا زۆرێک لە بەرپرسان و گەورە کاربەدەستانی بیانی سەردانی هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقیان کرد بۆ وتووێژکردنی زیاتر لەسەر شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی.

ئایا کورد لە باشور توانی ئەو پشتیوانیەی بۆ شەڕی دژی تێرۆریستان بەدەستی هێنا وەربچەرخێنێت بۆ پشتیوانیەکی سیاسیانە لە ئایندەی خۆی؟

لە ساڵی 2016 دا قەیرانە سیاسییەکانی هەرێم بەبێ چارەسەر مانەوە و بێ متمانەیی نێوان لایەنەکان لەوپەڕیدا بووە و جیاوازی ڕوانینی جەمسەرەکانی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان ڕوون و ئاشکرابوون و دابەش بوونێکی ڕوونی پێوە دیاربووە.

ئێستاش کە ماڵئاوایی کردن لەمساڵ تەنها دوو ڕۆژی ماوە، هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەر دیارنییە هەرچەندە لەم مانگی دوازدەیەدا گەڕێکی تری دانوستاندنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەستی پێکردۆتەوە.

ئایا نەدەکرا ڕەوشی سیاسی و هەروەهاش ڕەوشی دارایی هەرێم باشتر بکرێن؟
ئایا تەواوی ئەو قەیرانانە دەبرێنە ساڵی 2017 ؟

قەیرانی دارایی لە ساڵی 2016دا کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگە هەبووە، بازاڕ نیمچە وەستاو بووە، خوێندن لە هەندێک بەشی هەرێم درێژەی هەبووە و لە هەندێک بەشی تریدا بایکۆتکردن بەردەوام بووە، شەپۆلی ناڕەزاییەکان بەرامبەر بە سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە و هەروەهاش دواکەتنی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان زیاتر بوون و کەمتر نەبوونەوە.

دەبێت ساڵی 2017 چۆن بێت؟!

ئەگەرچی زۆر لەسەر سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی دەبیسترا بەڵام ساڵی 2016 نەبووە ئەو ساڵەی بەخت یاوەری بێت و لە مێژوودا بە ساڵی کۆنگرەکە ناودێر بکرێت.

ئایا چەندێک گرنگە خواستێکی سیاسی هەبێت بۆ مۆرکردنی پەیماننامەیەکی نەتەوەیی یان نیشتمانی؟
بۆچی لایەنە سیاسییەکان ناتوانن پەیماننامەیەکی نیشتمانی مۆربکەن لە نێوخۆیاندا؟

(شەماڵ ئەحمەد) پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ماڵئاوایی لە 2016 و پێشوازی لە 2017