لە پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان سەرۆکی تورکیا و سەرەک وەزیری عێراقدا باس لە شەڕی دژی تێرۆر و هەروەهاش باشترکردنی پەیوەندیەکانی هەردوو وڵات دەکەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حەیدەر ئەلعەبادی هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی سەردانەکەی ئەم مانگی یەکەی سەرەک وەزیری تورکیا بۆ بەغدا دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ تۆکمەکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغدا و ئانکەرە.
هاوکاتی دەستثیکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری موسڵ پەیوەندیەکانی نێوان عێراق و تورکیا ئاڵۆزی تێکەوت و گەیشتە ئەو ڕادەیەی سەرۆکی تورکیا بڵێت وەڵامی لێدوانەکانی سەرەک وەزیری عێراق ناداتەوە و بە کەسێکی نزمتر لە خۆی ناودێری کرد.
کەمال چۆمانی، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت تەرکیا لە ئێستادا کەوتۆتە ڕەوشێکەوە کە پێویستی بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ بەغدادا و ئەوەی تورکیا چاوەڕوانی دەکرد لە شەڕی دژی داعشدا بەدەستی بێنێت بۆی نەبوو ، هەر بۆیەشە وەک دەڵێت تورکیا نایەوێت لەو گۆڕانکاریانەی لە دوای داعش دروست دەبن بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی لەدەست بدات.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، کەمال چۆمانی ئاماژەش بەوە دەکات ئەگەر ئەم نزیکبوونەوەیەی تورکیا و عێراق لەسەر بنچینەی باشترکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان بێت ئەوا بە سودی هەرێمی کوردستانی عێراقیش دەکەوێتەوە و دەڵێت بەڵام کێشەکە لەوەدا نییە، چونکە هەرێمی کوردستان لە پاش ساڵی 2008 ەوە ئەم هەرێمە کەوتۆتە ژێر هەژمونی تورکیاوە و لە پێناو تورکیادا، بەغدای فەرامۆش کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5