لەگەڵ ڕووداوەکاندا: دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپیدا

دۆناڵد ترامپ، چل و پێنجهەمین سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی 20 مانگ سوێندی یاسایی دەخوات وەک چل و پێنجهەمین سەرۆکی ئەمریکا.

وەک زۆرێک لە شیکەرەوە باسی دەکەن دەشێت گۆڕانکاری سەرەکی لەم ماوەیەی سەرۆکایەتی ترامپدا بێتە ئاراوە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و جیهانیشدا، بەڵام ئەو گۆڕانکاریانە چین و چۆن دەبن، دەکرێت بگوترێت هێشتا هێڵە گشتیەکانی تا ئەندازەیەک نادیارن.

وەک لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا باسی دەکرد ئەگەر بە سەرۆک هەڵبژێردرا سەروەختی سەرۆکایەتییەکەی تەواو جیاواز دەبێت لە هەشت ساڵی ڕابردووی سەرۆکایەتی براک ئۆباما.

میوانی بەرنامە:

کارۆخ خۆشناو، نوسەر و لێکۆڵەر

دۆناڵد ترامپ، بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی لەسەر ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی ئۆباما بوو، جەختی دەکردەوە لەوەی بەرنامە خزمەتگوزاریە تەندروستییەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە، لەگەڵ سیاسەتە دەرەوەییەکانیدا تەبا نییە، بڕوای بە ڕێککەوتنە ناوکیەکە نییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، سیاسەتە ئابوریەکانی بەڕێوبەرایەتی هەشت ساڵی ڕابردووی بە نەگونجاو زانیوە و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەردەوام لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیشدا سەنگی دەخستە سەر ئەوەی "جارێکی تر ئەمریکا مەزن دەکەینەوە."

پۆستەکانی بەڕێوبەرایەتی نوێ؛

دۆناڵد ترامپ پشتێکی زۆری بەستووە بە گەورە ژەنەراڵەکانی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی بەڕێوبەرایەتییەکەی و بە تایبەتیش لە پۆستە سەرەکییەکانیدا وەک وەزیری بەرگری، سەرۆکی دەزگای موخابەراتی ئەمریکا و هەروەهاش ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. بۆ پۆستەکانی تریش هەریەکەیان بەشی خۆی مشتومڕی سیاسی بە دوای خۆیدا هێناوە وەک لە دانیشتنەکانی کۆنگرێسدا دەردەکەوێت. بەشێکی ئەوانەش دەستنیشانکراون بۆ وەرگرتنی پۆستەکان کەم تا زۆرێک لەگەڵ سیاسەت و ڕێبازەکانی سەرۆکی نوێدا نین.

ترامپ و سیاسەتی دەرەوەیی؛

بەپێی ڕای زۆرێک لە چاودێر بەشی گەورەی سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا لە چوار ساڵی داهاتوودا بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕوسیادا تەرخان دەکرێت و وەک باسدەکرێت ئەوروپا ئەو گرنگییەی جارانی نامێنیت، هەربۆیەشە گریمانەکانی وەڵامی ئەو پرسیارە بە کراوەیی دەمێننەوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی واشنتۆن و مۆسکۆ لەگەڵ دۆسێکانی جیهاندا لەوانە کۆریای باکور، بەرنامەی ناوکی ئێران، قەیرانی نێوان ئسرائیل و فەلەستینیەکان، شەڕی دژی تێرۆریزمی ئیسلامی و هتد.

چاوەڕوانییەکان چین لە بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمریکا؟
ئایا سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەتوانێت نیگەرانیەکانی دەرەوە و ناوەوەی ئەمریکا بڕەوێنێتەوە کە سەبارەت بە ئەندامانی بەڕێوبەرایەتییەکەی هەن؟
ئایا هەر تەنها ڕوانینە جیهان بە دیدێکی ئابوریانەوە بەسە بۆ سەروسەوداکردن لەگەڵ قەیرانەکانی جیهاندا؟
ئایا ڕکابەرییەگەورەکەی بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمریکا لەگەڵ ڕوسیادا دەبێت یان چین؟

(کارۆخ خۆشناو) نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.

دەقی تەواوی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا):

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپیدا