ئەوەی چاودێر و شیکەرەوە نکوڵی لێناکەن ئەوەیە مێژووی دیموکراسی و دەستوریی تورکیا لەبەردەم وەرچەرخانێکی گەورەدایە.
ئەم وەرچەرخانەش وەک باسدەکرێت کەوتۆتە سەر ئاکامی ئەو ڕیفراندۆمەی بڕیارە لەسەر دەستوری وڵاتەکە بکرێت.
پێشتر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) فەرمانڕەوای تورکیا بەرنوسی گۆڕانکاری لەدەستوردا خستە بەر پەرلەمان و پاش مشتومڕێکی زۆر بە پشتیوانی پارتی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) توانی دەنگی پێویست لە پەرلەماندا بەدەست بینێت.
ئەو دەستکاریانەی لە بەندەکانی دەستوری تورکیادا کراون، بە شێوەیەکی بەرچاو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی تورکیا زیاد دەکەن.
وەها بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 16 ی مانگی چوار ڕیفراندۆم لەسەر ئەو دەستکاریکردنانەی 18 بەندی دەستوری تورکیا بکرێت و دەنگدەران بڕیاری لەسەر بدەن.
بەپێی ڕا وەرگرتنە گشتییەکان ئاکامی ئەم ڕیفراندۆمە زۆر لێک نزیک دەبێت، هەرچەندە وەک ئاماژەی پێکراوە دەنگی (ئا) بە ئاستەم لە سەرو دەنگی (نا) وە دەبێت.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر سەلام عەبدولکەریم، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی.
لایەنە سیاسییەکانی تری ناو پەرلەمانی تورکیا بە تایبەتیش پارتی گەلیی کۆماری (جەهەپە) وە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە توندی دژی ئەو دەستکاریکردنانەی دەستوری تورکیان و بە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ دەڵێن ئەم دەستکاریکردنانەی بەندەکانی دەستور تەنها لە پێناو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیایە لەو ڕوانگەیەوەی ئەگەر ئەم دەستورە نوێیەی تورکیا پەسەندکرا ئەوا دەرفەتێکی بێ چەندوچوون دەدات بە ئەردۆغان تا ساڵی 2029 لە پۆستی سەرۆکایەتی تورکیادا بمێنێتەوە.
ئێستا یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان لە تورکیادا ئەوەیە ئایا دەنگدەرانی تورکیا دەتوانن ئەو جۆرە وەرچەرخانە بوەستێنن کە بەرەو تاکڕەوی دەسەڵاتدارێتی دەیانبات، یان داکۆکی لە سیستەمی فەرمانڕەوایەتی پەرلەمانی دەکەن؟
دەستکاریکردنەکانی دەستور لە تورکیادا مایەی نیگەرانییەکی قوڵی بەشێکی بەرچاوی خەڵکە بەتایبەتیش لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیادا کە بڕوایەکی زۆر هەن ئازادییەکانی تاکە کەس و ئازادییە سیڤیلیەکان لە تورکیادا کۆت و بەند دەکرێت.
هەنگاوەکان بۆ ڕیفراندۆم و کارکردن لەسەر ئەم پرسە لە نێوەندی ڕەوشێکی ئاڵۆزی سیاسیدان، لەوەتای هەوڵی کودەتا سەرنەگرتووەکەی ناوەڕاستی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو بە هەزاران کەس لە تورکیا دەستگیرکراون ، بە هەزارانی تریش لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و بە تاوانی هاوسۆزی و لایەنگیری لە (فەتحوڵا گولەن) کەسایەتی ئاینی تورکیا.
بۆ کورد لە تورکیا ڕەوشەکە خراپترە، ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردە کوردەکان بە یاسای دژە تێرۆری وڵاتەکە دەستگیرکراون، نێوەندە فەرهەنگییەکانی کورد داخراون، شەڕ و پێکدادانی نێوان لەشکری تورک و کورد درێژەیان هەن، ژمارەیەک شار و گوند خاپور کراون، هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن بەردەوامن.
ئایا لەم ڕیفراندۆمە چاوەڕوانکراوەدا دەنگدەران پشتیوانی لە سیاسەتەکانی سەرۆکی تورکیا دەکەن؟
ئایا دەنگدەران لە تورکیا دەتوانن ئەو وەرچەخانە سیاسییەی ئاکەپە هەوڵی بۆ دەدات، بگۆڕن و بە (نا) دەنگ بدەن؟
ئایا لەم هەلومەرجە سیاسییەی تورکیادا کە زۆرێک لە ڕێبەرانی کورد دەستگیرکراون یان دوورخراونەتەوە، بە سەدان هەزار فەرمانبەر لە تورکیا لە کارەکانیان دەرکراون، ڕەوایی یاسایی و سیاسی بۆ ڕیفراندۆم دەمێنێتەوە؟
ئازیزانم ئێوە ڕاتان چییە؟
(دکتۆر سەلام عەبدولکەریم) پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا)وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5