دەشێت لە سادەترین پێناسەیدا شیعر ئەو وێنە جوان و پڕ ئاوازانە بن کە هەست و نەستی خوێنەری خۆی دەجوڵێنێت و هەستکردنێکی تایبەتی بۆ ڕامان و بیرکردنەوە پێدەبەخشێت.
ئەمەش لەو ڕوانگەیەوەی ئێستاشی لەگەڵدا بێت پێناسەیەکی هاوبەش بۆ شیعر لە فەرهەنگە جیاوازەکاندا نییە و دەشێت هەر شاعیرێک پێناسەیەکی تایبەتی بە خۆی هەبێت یان بگوترێت شیعر پێناسە ناکرێت، یانیش لەوانەیە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر جیاوازی هەبێت لە باسکردن و لە پێناسەکردنی شیعردا.
تەمەنی درێژی شیعر پڕە لە گۆڕانکاری و لێوان لێویشە لە هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی ئەم ژانرە فەرهەنگیەمان وەک خۆی و دوور لە هەموو تازەگەرییەک لە کاتێکدا داکۆکییەکی سەرسەختانەش هەبووە لەوەی پێویست بە گۆڕانکارییە لە شیعردا هاوکاتی گۆڕانکارییەکانی ژیان و کۆمەڵگە.
کاتێک شیعر دەبێتە پەیامێکی مرۆڤانە و کار لەسەر ڕەوشە مرۆڤایەتییەکە دەکات ئیدی هەر هەنگاوی دنیابینیەکانیەتی و بەرەو بەجیهانیبوونی خۆی دەڕوات.
ئەی ئەگەر ژنێک شیعر بۆ نەهامەتی و مەینەتییەکانی خۆی بنوسێت و بە شوێن یەکسانییەکی بێ مەرجەوە بێت لە کۆمەڵگەدا و شیعر بکاتە چەکە گەورەکەی دەستی لە پێناو دادوەری کۆمەڵایەتیدا، بێگومان هەنگاوەکان بۆ گەیشتن بە جیهان خێراتر و تیژڕەوتر دەبن.
"وەرە بمکە بە باخچە"
من زەوییەکی ڕوتەڵەم
دەمەوێت بمکەتە باخچە
کام تۆوی گوڵ جوانە بیهێنە و
لە ناو دەشتای ڕۆحما بیچێنە
کام درەخت لەنجەی جوانە بیهێنە و بینێژە
ئاخر تۆ کە باخەوان بیت
دەزانێ ئەم باخچەیە پێوستی بەئاوازی کام ئاو هەیە
دەزانی پەرژینی کام شەماڵ بکەیتە دەورم
کە من باخچەی تۆ بم
دەزانی پرچی ئەم باخچەیەم
بە شیعری شێرکۆ و
بە سەمفۆنای بتهۆڤین دابهێنیت
(بەیان ئیبراهیم) کاتێک دەنوسێت ناخوازێت لە ناو سنورەکاندا بنوسێت، دەخوازێت باڵندەیەکی بەرزەفڕ بێت توانای فڕینی بە هەموو جوگرافیاکاندا هەبێت و لە هەر شوێنێکدا بێت ببێتە باخچەیەک بۆ ئەو مرۆڤانەی لە ماناکانی جوانی باخچە تێدەگەن و لە بەهای بەخشندەیی باخچە دەزانن.
ئەم شاعیرەمان لە وێنە شیعرییەکانیدا هەر تەنها خودی خۆی نانوسێتەوە، بەڵکو مێژووی ژیانی جەبەروتی پیاوسالاری دەنوسێتەوە و بەردەوام ساتی ئەو ژان و ئازارانەمان بۆ دەخوێنێتەوە کە پیاو هەرگیز نەک هەر پەی پێنابات بەڵکو ناشزانێت ئەو جۆرە زامانە بوونیان هەیە.
(بەیان) ی شاعیر، سنورەکانی بارە باوەکان وەک مرۆڤ دەشکێنێت و لەمدیو یان ئەودیوی ئەو سنورانەوە بێت مرۆڤ بوونی خۆیی لە هەموو شت پێ گەورەترە و هەر لەوێشەوە گەشتە درێژخایەنەکەی بە دنیا بەرینەکەی شیعردا دەستپێدەکات و هەر لەو گەشتەشیدا بەشوێن منداڵی خۆیی و عیشق و باڵایی مرۆڤدا دەگەڕێت.
(بەیان ئیبراهیم) یەکێکە لە شاعیرە ژنە ڕچەشکێنەکان، ئەگەرچی دەشزانێت مەرج نییە لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردیدا ڕچە شکێنی بۆی ببێت بە دەستکەوتی گەورە گەورە، هێندەی ئەوەی دەشێت باجی لەسەر بدات. بەڵام لە مێژوودا وەهابووە نەوەکانی داهاتوو بەردەوام بە شکۆ و گەورەییەوە باسیان لە ڕچە شکێنەکان کردووە.
ئایا دەکرێت لە پێناوی دەربڕینێکی تایبەتدا جوانییەکانی وێنەیەکی شیعری فەرامۆش بکرێن؟
ئایا شاعیر دەتوانێت لە تەمەنی گەورەییدا منداڵیە لێ ونبووەکەی خۆی ببینێتەوە؟
ئایا ئەرکی شاعیرێکی ژن هاوشێوەیە لەگەڵ شاعیرێکی پیاودا؟
(بەیان ئیبراهیم) چەندێک توانیویەتی هاوسەنگی لە زمانی دەربڕینیدا بپارێزێت، هاوسەنگی لە نێوان زمانی شیعر و زمانی نوسینە سیاسییەکانیدا؟
(بەیان ئیبراهیم) نوسەر و شاعیر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5