سۆران عه‌لی خان: به‌ درێژایی مێژووی ئیسلامی کورد هه‌میشه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌وساوه‌ بوه‌

Soran Alikhan

له‌ درێژایی مێژوودا کورد خۆێ به‌ دوو شته‌وه‌ گرێداوه‌ وه‌ یاخود به‌ جۆرێک به‌ سه‌رێدا سه‌پێندراوه‌، به‌وه‌ی له‌ لایه‌ک موسڵمانه‌ وه‌ له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ خۆێ به‌ برای تورک، فارس و عه‌ره‌ب زانیوه‌. ئاخۆ تا چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی کورد ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ به‌ براێ خۆێ زانیوه‌ ئه‌وان به‌ هه‌مان چاوی براییه‌وه‌ سه‌یری کردوون؟ به‌و پێیه‌ی کورد به‌ زۆرینه‌ موسڵمانه‌، تا چه‌ند جیهانی ئیسلام پشت و په‌ناێ کورد بوه‌ وه‌ یاخود له‌ ته‌نگانه‌دا به‌ هانایه‌وه‌ هاتوون؟

مامۆستا سۆران عەلی خان نووسەر، رووناکبیر و جێگری پێشووێ مەڵبەندی 8 خانەقینی ێ. ن. ك لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" کورد هه‌میشه‌ به‌ درێژایی مێژوو ئیسلامی به‌ شێوه‌یه‌کی راست و پاک وه‌رگرتووه‌ وه‌ ئیسلامی بۆ مه‌به‌ستی سیاسی به‌ کار نه‌هێنا وه‌ هه‌میشه‌ راستگۆیانه‌ خۆێ به‌ موسڵمان زانیوه‌ و خۆێ به‌ برای تورک و فارس و عه‌ره‌ب زانیوه‌، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌کانی تر به‌ مه‌به‌ستی سیاسی ئیسلامیان به‌ کار هێناوه‌ و توانیویان ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بسه‌پێنن و گه‌وره‌ترین ئیمپراتوریه‌ت له‌ ناوچه‌کاندا درووست بکه‌ن، ئیمپراتۆری ئه‌مه‌وی، ئیمپراتۆری عه‌باسی که‌ هه‌ی عه‌ره‌ب بوون، ئیمپراتوریه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانی که‌ هه‌ی تورک بوو وه‌ ئیمپراتوریه‌تی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی که‌ هه‌ی فارس بوو، به‌ڵام کورد راستگۆیانه‌ ئیسلامی وه‌رگرتبوو وه‌ هه‌ میشه‌ له‌ ناخێکی پاکه‌وه‌ سه‌ودای له‌گه‌ڵ ئیسلامدا کرد وه‌ یاخود به‌ مه‌به‌ستی سیاسی تێکه‌ڵکردن به‌ مه‌سه‌له‌ی ئاێین به‌ هه‌ڵه‌ زانی، بۆیه‌ کورد دووا که‌وت وه‌ هه‌میشه‌ به‌ برا بچووکی ئه‌وانه‌ و نه‌ته‌وه‌کانی تر زانیوه‌ به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی تر کوردیان به‌ برای خۆێ نه‌زانیوه‌ وه‌ هه‌ر حیسابیشیان بۆ نه‌کردووه‌ وه‌ به‌ درێژایی مێژوو هه‌ر چه‌وساندویانه‌ته‌وه‌ وه‌ بێ به‌شیشیان کردووه‌ له‌ مافه‌کانی خۆێ".

ماۆستا سۆران هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت " به‌ رای من نه‌ته‌وه‌ باڵا ده‌سته‌کانیش به‌شدارن له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی کورد، چونکه‌ یه‌ک حکومه‌ت و دوو حکومه‌ت و سێ حکومه‌ت نه‌بوه‌، به‌ درێژایی مێژوو ئه‌م نه‌ته‌وه‌ باڵا ده‌ستانه‌ که‌ حکومه‌تیان پێکهێناوه‌ هه‌میشه‌ کوردیان چه‌وساندوه‌ته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر حکومه‌تێک خراپ بێ، دووان خراپ بێ سێان خراپ بێ به‌رامبه‌ر به‌ کورد به‌ڵام سه‌دان حکومه‌ت هاتووه‌ و روێشتووه‌، ده‌یان خه‌لیفه‌ هاتووه‌ و روێشتووه‌، ده‌یان سوڵتان هاتووه‌ و روێشتووه‌ هه‌میشه‌ هه‌موویان دژی کورد بوونه‌، که‌ واته لێره‌ که‌لتوریان، فه‌رهه‌نگیان، رۆشنبیریان، ئایدیۆلۆژیایان، هه‌موو شتێکیان دژ به‌ خواست و ئاوات و مافه‌کانی گه‌لی کوردستانه‌ وه‌ نه‌یانویستووه‌ کورد چاوی بکاته‌وه‌، نه‌یانویستووه‌ و نه‌یانهێشتووه‌ کورد بتوانێ قه‌ڵه‌مره‌وی خۆێ، ده‌سه‌ڵاتی خۆێ سنورێک بۆ خۆێ درووست باکات و ئه‌ویش وه‌کو نه‌ته‌وه‌کانی تر بۆ خۆێ ده‌وڵه‌تێکی هه‌بێ وه‌ له‌ سێبه‌ری ئاڵای خوێدا بژێ وه‌ بتوانی یه‌کسان بێ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تردا".

مامۆستا سۆران ده‌شڵێت " زۆر به‌ داخه‌وه‌ پێیم ناخۆشه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ش بڵێم به‌ درێژایی مێژووی ئیسلامی کورد هه‌میشه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌وساوه‌ بوه‌، به‌ ئاشکرا و به‌ نهێنی هه‌ر له‌ پیلان بوونه‌ دژی کورد و له‌ ناوبردنی کوردا بوونه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ویه‌وه‌ بگره‌ و هه‌تاکو ئه‌مرۆ وه‌ له‌ درێژایی مێژوودا له‌ لایه‌ن برا موسڵمانه‌کانه‌وه‌ زوڵمی لێکراوه‌".‌

Your browser doesn’t support HTML5

Interview with Soran Alikhan