ژیان لە فەرهەنگدا: لالە عەبدە

لالە عەبدە

بەر لەوەی مرۆڤ لە چاخە کۆنەکاندا نوسین دابهێنێت و دەست بکات بە نوسینەوەی مێژوو و ڕووداوەکان، بە وێنە خودی خۆی دەربڕیوە و هەر ئەو وێنانەش ئێستا سەرچاوەیەکی تۆکمەی زانینەکانن لە بارەی ڕەوش و گوزەرانی ئەو سەروەختە کۆنانە.

وێنەکان، تابلۆکان لە ڕێی هێڵەکان و ڕەنگەکانەوە دەدوێن و زمانی ئاخاوتنی خۆیان دەخەنە بەردەست.

هەرچەندە لە کۆمەڵگەی کوردیشدا وێنە کۆنەکانی ناوئەشکەوتەکان بە سەرەتایەک بۆ هونەری شێوەکاری دادەنرێت بەڵام چونکە گەشەکردن و پەرەسەندنی ئەم هونەرە لە کۆمەڵگەی کوردیدا دواکەوتووە، هەر بۆیە وەک هەندێک دەڵێن دەکرێت بگوترێت هونەرێکە مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو گەلەری تایبەتی هونەری هەن و ژمارەیەک هونەرمەندی کوردیش هەن گەیشتونەتە ئاستی جیهانی و تابلۆکانیان بە تابلۆی جیهانی ناودێر دەکرێن، بەڵام هێشتاش ئەم هونەرەی ڕەنگ دێنێتە دەنگ بە بەراورد لەگەڵ ژانرە هونەرییەکانی تردا کاریگەرییەکی زۆری نەبووە لەسەر بینەرانی.

زۆرێک لە هونەرمەندانی شێوەکار جەخت دەکەنەوە لەوەی، بەڵێ هونەری ڕژدمان هەیە بەڵام ئاشناییەکانی بینەر کەمن لەگەڵ تابلۆکاندا هەروەهاش وەک دەڵێن سنوردارکردنی بەشێکی بەرچاوی گەلەرییەکان بۆ هونەرمەندانی سەر بە ئایدیۆلۆژیا دیاریکراوەکان، ئەمانە بێ لەوەی گلەیی لە میدیاکانیش دەکرێت گرنگییەکی ئەوتۆی بەم ژانرە هونەرییە نەداوە لە کاتێکدا ئەم هونەرەی شێوەکاری ئێجگار گرنگە بۆ ناسنامە و ناساندنی کولتوری و هەروەهاش بۆ ئەو خوێندنەوە هونەریانەی لەسەر کۆمەڵگەکان دەکرێن.

هەبوونی هزر و ڕۆشنگەرایی کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر بەرهەمە شێوەکارییەکان لەو ڕوانگەیەوەی دیالۆگێکی ڕاستەقینە لەگەڵ کۆمەڵگەدا دێنێتە ئاراوە و بەشێکی گرنگیش دەبن لە جوانییەکانی تابلۆ و نیشاندانی تاریکی و ڕوناکییەکانی ژیان و خستنە ڕووی ئەو پرسیارانەی بینەر دەخاتە ڕامان و قاڵ بوونەوەیەکی وردەوە و گەڕانیش بە دوای وەڵامەکاندا.

لالە عەبدە، یەکێکە لەو هونەرمەندە کوردانەی هەمیشە ویستویەتی لە ڕێی تابلۆکانییەوە پەیامی خۆیی و گەلەکەیشی بگەیەنێت بە جیهان و تابلۆکانیشی بەردەوام بەشدارییەکی بەرچاویان هەبووە لە یەکتر ناسینی کولتورەکاندا.

هێندەی ئەوەی ئاشناییم لەگەڵ تابلۆکانی لالەدا هەیە، تابلۆکان پێویستیان بە وردبوونەوە هەیە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ڕەنگەکان و هێڵەکان کردنیان بە ژیان، ئەم جۆرە هونەرەش کە پشت بە تێڕامان و ڕەنگ و هێڵ و هزر دەبەستێت ڕێک وەک ئەوەیە لە دیمەنەکانی سروشتەوە هێڵە پەنهانەکانی ژیانمان نیشان بدات یان پێمانی بناسێنێت.

بە وردبوونەوە لە تابلۆکانی لالە عەبدە، بە تایبەتیش نیگارە سروشتیەکانی دەگەیتە ئەو بەرەنجامەی لای ئەم هونەرمەندە سروشت هەر یەکە، جا لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت، تەنها شتێک لێکیان جیابکاتەوە یادگارییەکان و خۆشەویستییە بۆ ئەو سروشتە دیاریکراوە، لای لالە خۆشەویستیە گەورە و پیرۆزەکەی بۆ سروشتی زێدی خۆیەتی و ئەمەش دەکرێت وەک تایبەتمەندێتییەکی لالە عەبدە سەیر بکرێت.


لالە پاش زیاتر لە 30 ساڵی ژیان لە هەندەران دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لەوێش لەگەڵ کردنەوەی پێشانگادا بانگەوازێکیشی هەبووە بۆ هونەرمەندان لە ژێر ناونیشانی (ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشتدا) و دەڵێت "هونەرمەندان و رۆشنبیران بۆ ئەوەی لەگەڵ سروشتی جوان و پاك و رەنگینی كوردستان ئاشت ببنەوە، كە خاكێكی جوان و رازاوەمان هەیە و دیگای هونەرییانەو شاعیریانەو رووناكبیرییانەی خۆیانی بۆ بجوڵێنن، مادەیەكی خامی زۆرمان هەیە كە لە هونەریی سروشتیی و واقیعی سوودی لێوەربگیرێت، چونكە بەراستی وەكو هونەر هیچ سەرمایەكی بەرهەمدارمان نییە بەجۆرێك كە لەوانەیە تا ئێستا هەزار تابلۆی سروشتی كوردستانمان نەبێت، لەكاتێكدا كوردستان دەوڵەمەندترین سروشتی هەیە."

دەشێت هونەری شێوەکاری بە یەکێک لە دێرینترین ژانری فەرهەنگی دابنرێت، بەڵام ئایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا تێگەیشتن بۆ ئەم هونەرە چەندە؟

ئایا تابلۆکان دەتوانن ببنە ناسنامە بۆ خودی هونەرمەند و بۆ نەتەوەش؟

ئایا خاڵی وەرچەرخان لە تەمەنی هونەریی هونەرمەند (لالە عەبدە) دا لە کوێوە دەستپێدەکات؟

زۆرێک لە شێوەکاران سود لە ئەزمونە جیهانییەکان دەبینن، بەڵام ئایا توانیویانە تایبەتمەندێتی هونەری خۆیان بپارێزن؟

ئایا جیاوازی هەیە لە نێوان بینەری تابلۆ لە کوردستان و لە هەندەران؟ ئەگەر هەیە چین؟

ئایا مەرجە هونەرمەندی شێوەکار تابلۆکانی بۆ بینەرانی ڕاڤە بکات؟

(لالە عەبدە) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: لالە عەبدە