کەسایەتی خودی نەوشیروان موستەفا وەهای کردووە بەردەوام پرسیار لەسەر ئایندەی پرۆسەی سیاسی و ئایندەی بزووتنەوەی گۆڕانیش بکرێت.
دەکرێت بگوترێت هەموو ئەوانەی نەوشیروان موستەفایان لە نزیکەوە ناسیوە وەها باسی دەکەن بێ لەوەی سیاسییەکی لێزان و ورد بووە، ڕۆشنبیر و نوسەر و بیریاریش بووە.
نەوشیروان موستەفا لە قۆناغە جیا جیاکانی تەمەنی سیاسیدا ڕێبەری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تا ڕۆژی 19 ی مانگی 5 ی 2017 واتە ئەو ڕۆژەی کە مرد ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان بووە.
نەوشیروان موستەفا بڕیاری دا لە یەکێتی جیاببێتەوە و ئەوەبوولە کۆتاییەکانی ساڵی 2006 دا کۆمپانیای وشەی دامەزراند کە نێوەندێکی ڕۆژنامەوانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی بوو. دەشێت وەها لە کۆمپانیای وشە بڕوانرێت کە سەرەتایەک بووبێت بۆ بزاوتێکی نوێی سیاسی لەو کاتەدا، لەو ڕوانگەیەوەی دواتر نەوشیروان لەگەڵ هاوسەنگەرەکانیدا بزووتنەوەیەکی نوێیان دامەزراند و بۆ یەکەم جار لە مێژووی سیاسی باشوری کوردستاندا، ئۆپزسیۆن بووە مۆدێلێکی سیاسی.
لە ساڵی 2009 دا بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا کرد و توانی 25 کورسی پەرلەمان بۆخۆی مسۆگەر بکات.
بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای کاری سیاسییەوە دەستی کرد بە پەردە هەڵماڵین لەسەر گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانەکانی دەسەڵات لە لایەن دوو لایەنە سەرەکییەکەی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستانەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2013 ەشدا بزوتنەوەی گۆڕان توانی ڕیزبەندی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بگۆڕێت و ببێتە لایەنی دووهەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
لەو هەڵبژاردنەدا بزووتنەوەی گۆڕان بووە خاوەنی 24 کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان 18 کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان 38 کورسی.
بەر لە مردنی نەوشیروان موستەفا، بزووتنەوەی گۆڕان ڕووبەڕووی کێشە و گرفت هاتەوە، ئەگەرچی بەپێی ڕێککەوتنێکی سیاسی نێوان لایەنەکانیش بەشداری لە پێکهاتەی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کرد کە پێی دەگوترا "حکومەتی بنکە فراوان".
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ گۆڕان و پۆستی سەرۆکی کابینە بۆ پارتی و جێگری سەرۆکی کابینەش بۆ یەکێتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتی، هەر بە پێی ئەو ڕێککەوتنە پۆستەکانی تری ناو کابینەی حکومەت بەسەر هەر پێنج لایەنەکەدا (پارتی، گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ) دابەشکران.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان.
دواتر کە وادەی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدێت و مشتومڕەکە برایە ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە، ئیدی قەیرانێکی ئاڵۆزی سیاسی و یاسایی دروست بوو، وە گەیشتە ئەو ئاستەی ڕێگە لە سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم بگیرێت لەوەی بچێتە ناو شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان و دواتریش وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کابینەی هەشت داوای لە لایەنەکانی تری ناو پرۆسەی سیاسی هەرێم کرد تا ئەو پۆستانە پڕ بکەنەوە بەڵام (یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ) ئامادە نەبوون ئەو کارە بکەن و دواتر بە بڕیارێکی حکومەت پۆستی وەزارەتەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی هەشتدا بە وەکالەت دران بە پارتی دیموکراتی کوردستان. ئیتر لەو کاتەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت قەیرانێکی سیاسی سەخت و ئاڵۆز بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و بەپێی ڕای زۆرێک لە شیکەرەوە هێشتا تروسکاییەک بۆ چارەسەر لەوسەری تونێلەکەوە دیار نییە، هەندێکیش دەڵێن قەیرانەکانی ئەو هەرێمە لە بنبەستی داون.
لە ڕاگەیاندنەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا لە ڕۆژی مردنی نەوشیروان موستەفادا، یەکێتی داوای یەکگرتنەوە لە گۆڕان دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەرچی بە فەرمی ئەم داوایەی نەکردووە، بەڵام هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی باس لەوە دەکەن گۆڕان ببێتەوە ئۆپزسیۆن.
بنەما سەرەکییەکەی پێکهێنانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر جێبەجێکردنی چاکسازییەکان بووە لە هەرێمی کوردستاندا و گۆڕان کە نەوشیروان موستەفا ڕابەرایەتی دەکرد لە هەوڵی بە دامەزراوەیی کردنی حکومەت و دامەزراوە نیشتمانییەکانی ئەم هەرێمەدا بوو، وە کرۆکی ناکۆکییەکانیش لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا هەر لەسەر ئەو بنچینەیە بووە.
ئایا لە پاش نەوشیروان موستەفا، گۆڕان و یەکێتی یەکدەگرنەوە؟ ئەگەر شتێکی وەها لە ئارادایە، ئایا میکانیزمەکان چی دەبن؟
ئەگەر یەکگرتنەوە ببێت، ئایا ڕێبەرانی گۆڕان چ وەڵامێکیان پێدەبێت بۆ ئەو ئەندامان و لایەنگرانەی گۆڕان کە هیچ ئەزموونێکی یەکێتی بوونیان نییە؟
ئایا گۆڕان دەبێتەوە ئۆپزسیۆن؟
ئایا لە پاش نەوشیروان موستەفا هاوکێشەی سیاسی نوێ لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەدەن؟
ئایا لە پاش نەوشیروان موستەفا، چەندێک دەتوانرێت پارێزگاری لەو میرات و مۆدێلە سیاسییە بکرێت کە لە دوای خۆی جێیهێشت؟
دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکانداوەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5