نزیکەی دە ڕۆژە ڕۆژنامەوان ئارام بەختیار، پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕ تی بە بڕیاری دادگای گەرمیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەستگیرکراوە لەسەر ڕاپۆرتێکی کە سەبارەت بە بڕیارێکی دادگا بووە.
لەو ڕاپۆرتەدا پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ژمارەیەک دۆسێی وروژاندووە کە وەک دەگوترێت گومان خراوەتە سەر ڕەوایی بڕیارەکەی دادگا.
ڕێکخراوی نێونەتەوەیی داکۆکی کردن لە ڕۆژنامەوانان لە ڕاگەیاندنێکدا باس لە دۆسێی دەستگیرکردنی ئەم ڕۆژنامەوانە دەکات و داوای ئازادکردنی ئارام بەختیار دەکات.
دواتر دادگا فرمانێکی دەستگیرکردن بۆ ئاوات عەلی، بەڕێوبەری کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەردەکات.
فەرهەنگ خالید، یاساناس دەڵێت لەگەڵ ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی ڕۆژنامەوان ئارام بەختیاردا تەبا نییە بەڵام وەک دەڵێت ئەوەی بەدی دەکرێت لە دوای دەستگیرکردنی ئەم ڕۆژنامەوانەوە، دادگاکان ئەم دۆسێیەیان کردۆتە دۆسێیەکی کەسێتی وەک ئەوەی سەنگەر لە کەسێک گیرابێت، وە دەشڵێت لە ڕووی یاساییەوە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانو دەرکردنی فرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕۆژنامەوان کارێکی نەگونجاوە، جونکە بەپێی یاسای رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان نابێت هیچ رۆژنامەوانێک دەستگیر بکرێت و تەنانەت ئەگەر دادگاش سزای بدات ئەوا بەپێی ئەو یاسایە دەبێت سزاکە سزای دارایی بێت نەک زیندانی کردن.
ئەم دەستگیرکردنەی ئارام بەختیار و فرمانی دەستگیرکردنی ئاوات عەلی لە دەمێکدایە زۆرێک لە کەناڵە میدیاییەکانی تر لە هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتیان لەسەر هەمان بڕیاری دادگا بڵاوکردۆتەوە.
فەرهەنگ خالید دەڵێت ئەمەش بەڵگەیەکی ترە کە دادگاکان لە چوارچێوە یاساییەکان چوونەتە دەرەوە و وەهاش دیارە لەم دۆسێیەدا دادگا سەنگەری گرتووە لە کەناڵێک لە کاتێکدا وەک دەڵێت دەبوایە قسەکردنە یاساییەکە لەسەر خودی ڕاپۆرتەکە بووایە نەک ڕۆژنامەوان و کەناڵەکە.
لە دواترین ڕاگەیاندنیدا لەسەر ئەم دۆسێیە کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەڵێت "بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێن ئاڕ تی لە بەدواداچونەکانییەوە دەستی کەوتووە، دەستگیرکردنی پەیامنێرەکەی بۆ ماوەی هەفتەیەک و بڕیاری دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە دەستتێوەردانی چەند بەرپرسێکی حزبی هەرێمی کوردستانەوەیە لە کەیسەکەو دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە ئێن ئاڕ تی بێ دەنگ بکەن و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش بێ دەنگییان هەڵبژاردووە لە بەرامبەر ئەم پیلانەی دژ بە ئێن ئاڕ تی و کارمەندەکانی بەڕێوەدەچێت."
فەرهەنگ خالید، یاساناس دەڵێت لە هەرێمی کوردستاندا کێشە لەگەڵ دەسەڵاتەکاندا هەیە و دەسەڵاتی دادوەریش بەدەر نییە لەم کێشانە و دەشڵێت بەداخەوە دەسەڵاتی دادوەری دەستی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی تێکەڵ کراوە.
بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ فەرهەنگ خالید کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5