لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و گومانی لایەنەکان

بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەو مەرجانەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوە تایبەتەکەیاندا دایانناوە ڕەتی دەکەنەوە.

بەپێی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا سەرۆکی پەرلەمان بەشدار دەبێت و دواتر دەستەی سەرۆکایەتی دەست لە کار دەکێشێتەوە و دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمان دیار دەکرێت.

لە کۆبوونەوەی رۆژی 13-6-2017ی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی قایل بووە بەوەی پەرلەمان کارابکرێتەوە و دکتۆر یوسف محەممەد سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتن بکات، پاشان دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستنیشان بکرێ و بزووتنەوەی گۆڕان کەسێکی دیکە لەجێگەی دکتۆر یوسف دابنێت، ئەو پەیامەش بە بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندرا.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان. .

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە مانگی دەی ساڵی 2015 ەوە لە کارخراوە، پاش ئەوەی هێزە ئاسایشیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگەیان نەدا دکتۆر یوسف موحەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بگەڕێتەوە ناو هەولێر کە باڵەخانەی پەرلەمانی هەرێم لەوێیە.

بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیاندنێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پەکخستنی پەرلەمان لەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمان نەبووە، بەڵکو لەسەر کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بووە.

لە ڕاگەیاندنەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە "دەستبەکاربونەوەی مەرجداری پەرلەمان لای ئێمە قبوڵکراو نیە. چونکە هۆکاری سەرەکی ئیفلیجکردنی پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتییەکەی نیە، بەڵکو کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتی هەرێم‌و هەوڵی پەرلەمان بو بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم. بۆیە هەر هەنگاوێک بەبێ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی‌و چاکسازی ریشەیی لە بوارەکانی دارایی‌و کارگێڕی‌و چاودێری وردی کارەکانی حکومەت نەک چارەسەر نین، بەڵکو پرۆسەی سیاسی بەرەو چەقبەستویی زیاتر دەباو گەلەکەمان پتر نائومێدو ئەزمونەکەمان‌و ئاییندەشمان دەخاتە بەردەم ئەگەرو مەترسی گەورەترەوە."

لەگەڵ هەستیاری و ئاڵۆزی ڕەوشەکەشدا لە هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی تروسکاییەکن بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسی و داراییانەی کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر ژیانیان.

پێشتر چارەسەر کردنی سەرەکییانەی کێشەکان دەبەسترانەوە بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە و ئێستا چۆنییەتی کاراکردنەوەیپەرلەمان بۆتە کێشەیەکی تر.

ئەم هەوڵانەی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەدرێن هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕیفراندۆمە چاوەڕوانکراوەکە کە بڕیارە ڕۆژی 25 ی مانگی 9 بکرێت لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان.

ئایا مەرجی گۆڕینی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لەسەر چ بنچینەیەکە؟
ئایا ڕەتکردنەوی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بە مەرج لە جێی خۆیدایە؟
ئایا کاراکردنەوەی پەرلەمان لە پێناو ڕیفراندۆمە چاوەڕوانکراوەکەی هەرێمدایە یان لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکاندایە؟

دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی سیاسی لە زانکۆی سەڵاحەدین وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و گومانی لایەنەکان