بڕیارە ڕۆژی 25 مانگی نۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕیفراندۆم بەڕێوەبچێت بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق.
دابەشبوونێکی بەرچاو هەیە لە هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی ئەوەی ئایا ڕیفراندۆم بکرێت یان نا.
بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێم پێدەچێت ڕۆژی پێنجی مانگی نۆ هەڵمەتەکان بۆ ڕیفراندۆم دەستپێبکەن.
میدیا یەکێکە لە کۆڵەکە تۆکمەکانی دیموکراسی و دەشکرێت بگوترێت کە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە بەبێ هەبوونی میدیا ناکرێت.
پسپۆڕ کۆکن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا هەر تەنها پەیوەست نییە بە ئازادی لە دەنگداندا و زانینی چۆنیەتی دەنگدان، بەڵکو پەیوەندیشی هەیە بە پرۆسەی بەشداریشەوە لەو ڕوانگەیەوەی دەنگدەران ببنە بەشێک لەو وتووێژ و دیالۆگانەی لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا دێنە ئاراوە.
میدیا لە هەڵبژاردن و دەنگدانە دیموکراسییەکاندا ڕۆڵی چاودێریی هەیە و ڕوونی و ئاشکرایی (شەفافیەت) ی پرۆسەی دەنگدان دەپارێزێت.
هەر بۆیەشە لێرەدا هەبوونی میدیای بێلایەن گرنگە بۆ ئەو ڕوونی و ئاشکراییە و بەشداریشی لە هێنانە ئارای فەرمانڕەوایەتییەکی باشدا و پەرەپێدانی پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ.
بۆ ئەوەی میدیا بتوانێت ڕۆڵی خۆی هەبێت لە کۆمەڵگەدا، پێویستە لە ئاستێکی بەرزی پیشەیی و وردبین و لانەگر بێت لەو ڕوماڵانەی لەسەر هەڵبژاردنەکان یان دەنگدانەکاندا دەیکات. میدیای پیشەیی ئەگەر نەشتوانێت هیچ شتێک بکات ئەوا بێگومان دەتوانێت پێوانە دیموکراسییەکان بخاتە بەردەم وەرگرەوە، زانیاری ڕاست و دروست لەسەر ڕووداوەکانی سەروەختی هەڵبژاردن و دەنگدانەکان بخاتە ڕوو.
میوانی بەرنامە:
مەم بورهان قانع، سەرۆکی ڕێكخراوی مەشق بۆ گەشەپێدانی دیموكراسیی و میدیا.
ئەگەر پێشتر میدیا تەنها لە چاپکراو و بیستراو و بینراودا خۆی دەبینیەوە، بەڵام ئێستا میدیای ئەلیکترۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەگرێتەوە، ئەمە بێ لەوەی میدیای تاکە کەسەکانیش هەروادێ و کاریگەرییەکانی زیاتر دەبن بە تایبەتیش لەو کۆمەڵگەیانەی میدیا تیایاندا کەوتونەتە ژێر چاودێرییەکی باو و توندی فەرمانڕەوایانەوە.
لە هەرێمی کوردستانی عێراق میدیای زاڵ، ئەو میدیایەیە کە لایەنە سیاسییەکان سەرپەرشتی دەکەن و بە میدیای حیزبی ناسراوە، ژمارەیەکی زۆر میدیا هەیە کە بە میدیای سێبەر ناسراون و ناڕاستەوخۆ لایەنە سیاسییەکان سەرپەرشتی دەکەن، میدیایەکی تریش میدیایەکە کەسەکانی ناو حیزب خاوەنین و سەرپەرشتی دەکەن، میدیایەکیش هەیە پێی دەگوترێت میدیای سەربەخۆ یان (ئەهلی) هەرچەندە هێشتاش مشتومڕێکی زۆری لەسەرە بەتایبەتیش لەسەر شیانەکانی سەربەخۆیی ئەم میدیایە.
ئەگەرچی میدیا زۆرن لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەڵام هێشتا لەو هەرێمەدا کە زیاتر لە 25 ساڵە نیمچە سەربەخۆیە میدیایەک نییە بە "میدیای نیشتمانی" ناودێر بکرێت.
میدیا حیزبییەکان و میدیا سێبەرەکانیشیان لە هەموو هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و دەنگدانیشدا بەردەوام بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی لایەنەکانی خۆیاندا کار دەکەن نەک بەرژەوەندی گشتی، هەر بۆیەشە ناتوانرێت بگوترێت ئەو جۆرە میدیایانە لە ئاستێکی بەرزی پیشەییدا کار دەکەن.
ڕێكخراوی مەشق بۆ گەشەپێدانی دیموكراسیی و میدیا،هەر لەم هەفتەیەدا بوو کۆنفرانسێکی تایبەتی کرد ( دیداری میدیا و ڕیفراندۆم). لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەک ڕاسپاردەی بڵاوکردەوە لەوانە خۆ بە دوورگرتنی میدیا لە بانگەشەکردن بۆ کارنامەی سیاسی دیاریکراو، خۆ دوورخستنەوە لە چاندنی تۆوی ڕق و کینە، بە یەک چاو بینینی دەنگدەران، دەستبەرداربوون لە تەخوێن کردن و چەندان ڕاسپاردەی تر.
لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان میدیایەک نییە پێی بگوترێت میدیای نیشتمانی، ئایا ڕۆڵی میدیا چی دەبێت لە هەڵمەتەکاندا بۆ ڕیفراندۆم کە دۆسێیەکی نیشتمانیە؟
ئایا میدیا لە هەرێم پێویستی بە چ جۆرە ڕێبازێک هەیە تا گوتارە میدیاییەکانی خۆی ئاڕاستە بکات؟
ئایا میدیا لە هەرێم هێندە کاریگەری هەیە بتوانێت دەنگدەر ئاڕاستە بکات؟
ئایا دەکرێت دەنگی نەخێر لەم ڕیفراندمەدا فەرامۆش بکرێت؟
مەم بورهان قانع، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا)وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5