پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا کە فراکسیۆنە کوردیەکان بایکۆتیان کرد بڕیاری ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی داوە و هەروەهاش دەسەڵاتی داوە بە سەرەک وەزیری عێراق بۆ بەکارهێنانی هێز دژی ڕیفراندۆم.
سەرۆکی کۆمیتەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی کاردانەوە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی بەغدا دەبێت و دەڵێت بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق هیچ بەهایەکی نییە و ڕەوایی یاسایی نییە چونکە ڕایەکی سیاسییە و ناوەڕۆکی ئەوانی دەرخستووە بۆ هەموو جیهان کە دژی مافی چارەی خۆنوسینن کە لە دەستوری عێراق و یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکاندا ئەم مافە دیارکراوە و دەشڵێت بەم نزیکانە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە ڕێی پەرلەمانەوە وەڵامی بەغدا دەدرێتەوە.
هوشیار زێباری، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە دەڵێت وەک گریمانەیەک ئەگەر هاتوو پەرلەمانیش کارا نەکرایەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە هەڵوێست وەردەگیرێت لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە و لە حکومەتی هەرێمەوە و لە هێزە سیاسییەکانی کوردستانیشەوە بەرامبەر ئەو بڕیارانەی بەغدا کە بە نادادوەرانە و نادیموکراسیانە ناودێری دەکات.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، بەڕێز زێباری ئاماژەش بەوە دەکات تا هەڵوێستی کورد یەکگرتوو بێت و یەکڕیزی هەبێت و هاودەنگی هەبێت ئەوا پێگەی کورد بەهێزتر دەبێت بەرامبەر دەستێوەردانە ناڕەواکانی بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر، هەر بۆیە وەک دەڵێت دەبێت ناو ماڵی کورد ڕێکبخرێت.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5