ماهر فه‌یلی: کورده‌ فه‌یلیه‌کان پشت گوێ خراوون و هیچ ئه‌ندام په‌رله‌مانێک تا ئێستا نه‌هاتووه‌ له‌ ئێمه‌ ببپرسێته‌وه‌

Mahir Feyli

پێکهاته‌ی کورده‌ فه‌یلیه‌کان به‌شێکی دانه‌بڕاوون له‌ گه‌لی کورد، به‌ڵام له‌ زۆر رووه‌وه‌ چ له‌ لایه‌ن خودی کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردیه‌وه‌ وه‌ یاخود حکومه‌تی ناوه‌ند پشت گوێ خراوون. له‌ 23 ئه‌م مانگه‌ یه‌کمین کۆنگره‌ی دامه‌زرینه‌ری به‌ره‌ی فه‌یلیه‌کان له‌ شاری به‌غدا به‌رێوه‌ ده‌چێت.

کورده‌ فه‌یلیه‌کان به‌ پێی هه‌ندێ له‌ میدیاکان و به‌ هۆێ پرسی رفراندوم و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌وه‌ که‌وتۆنه‌ته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ندێ که‌سانی شۆفنیست له‌ عێراق وه‌ به‌ تاێبه‌ت له‌ شاری به‌غدا به‌ڵام ئایا که‌سێک هه‌یه‌ ئاسایشیان بپارێزی؟

ماهر فه‌یلی سکرتێری گشتی به‌ره‌ی باڵای کورده‌ فه‌یلیه‌کان له‌ گفت و گه‌پێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت " ئه‌مه‌ یه‌کین جاره‌ رێکخراوه‌یه‌کی له‌و جۆره‌دا بۆ کورده‌ فه‌یلیه‌کان له‌ عێراق درووست ده‌بێت، که‌ رێخراوه‌یه‌کی سیاسی، دیمۆکراتی،کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌لیه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی 14 ساڵی رابووردودا له‌ شێوه‌ی پێنج رێکخراوه‌ی جیاواز کاریان ده‌کردوو و ئێستاکه‌ له‌ ژێر ئاڵای ئه‌م به‌ره‌دا کۆبۆنه‌ته‌وه‌".

کاک ماهر هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت " کارنامه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ کاری سیاسی له‌ ناو حکومه‌ت و به‌ ده‌ستهێنانی مافی کورده‌ فه‌یلیه‌کان و ئازادیه‌کانی و رۆڵیاندایه‌ له‌ ناو حکومه‌تی عێراق، هه‌ر وه‌ها حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ په‌یوه‌ندیه‌کی باشی هه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ شیعه‌کاندا و ئێمه‌ش وه‌کو کوردی شیعه‌ ده‌مانوێ ببینه‌ پردێک له‌ نێوان حکومه‌تی هه‌رێم کوردستان و حکومه‌تی ناوه‌ند".

کاک ماهر ده‌شڵێت " به‌داخه‌وه‌ کورد هه‌ندێک له‌ ئێمه‌ خۆێ دوور ڕاگرتووه‌، له‌ به‌غدا چه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مانی کورد هه‌یه‌ به‌ هیواین جارێک بێن و لێمان بپرسننه‌وه‌ چۆنین، چی ئه‌که‌ین، رۆڵمان چیه‌، ئه‌و گرنگیه‌ به‌ ئێمه‌ نه‌دراوه‌، زۆری ئه‌و کارانه‌ی‌ به‌ کورده‌ فه‌یلیه‌کانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ هێز و هه‌وڵ و تواناێ خۆمان ئه‌نجام دراوه‌".‌

Your browser doesn’t support HTML5

Interview with Mahir Feyli