دوابەدوای ڕیفراندۆم، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق وتارێکی پێشکەش کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەکە و جارێکی تریش جەختی کردەوە لەوەی ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوای گەلی کوردە بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆی.
مەسعود بارزانی لە وتارەکەیدا داوای لە عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و هەروەهاش کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد تا ڕێز لە دەنگی (بەڵێ) ی ئەو ملیۆنان کەسە بگرن کە دەنگیان داوە بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق لە ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی دووشەممەدا.
لەو یەکەم وتارەیدا لە پاش ڕیفراندۆم، بارزانی ئاماژەی بەوەکرد کە سیستەمی دەوڵەتی کوردستانپەرلەمانی، فێدراڵی، دیموکراتی، و سیڤیلی دەبێت و دەشبێتە نمونەیەک بۆ دادپەروەری و یەکسانی و ڕوونی و ئاشکرایی.
هەر لەو وتارەیدا بارزانی جەختی کردەوە لەوەی ئەم ڕیفراندۆمە بۆ نەخشەڕێژی سنورەکان نییە و داوای لە حەیدەر ئەلعەبادی سەرەک وەزیری عێراق و ئەوانەش کە لە بەغدا بڕوایان بە دیالۆگ هەیە تا دەستبکرێت بە وتووێژ و دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێوان بەغدا و هەولێردا.
هەتا کاتی ئەم بەرنامەیەش هێشتا حکومەتی نێوەندی عێراق وەڵامێکی نەبووە بۆ ئەم داوایەی بارزانی.
حکومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاندووە دانوستاندن لەگەڵ هەرێمدا ناکات تەنهاش لەو کاتەدا دیالۆگەکان دەستپێدەکەنەوە کە بەپێی دەستوری عێراق بێت و لایەنی کوردیش دان بنێت بەوەی بەشێکە لە عێراق.
میوانەکانی مێزگرد:
ئاشتی عەبدوڵا، نوسەر و لێکۆڵەر.
دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی.
ئێڤار ئیبراهیم، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان.
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بەغدا، ئانکەرە، تاران، بەردەوامن لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی خۆیان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، بەغدا تەنها سێ ڕۆژی داناوە بۆ داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێم و لەگەڵ تورکیاشدا لە ڕێککەوتندایە تا تەواوی نەوتی وڵاتەکە بە بڕیار و ئاگاداری حکومەتی نێوەندی بە خاکی تورکیادا بڕوات. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هیچ گرفتێکی لەگەڵ بەغدادا نییە و لەگەڵ هەموو هەنگاوەکانیدا بۆ دژایەتی کردنی ڕیفراندۆم و ئەنجامەکانی ئەو ڕیفراندۆمە.
هاوکاتی ئەم هەموو هەڵکشان و داکشانە لە ناوچەکەدا، ڕێبەری دیموکراتەکان لە سیناتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەکات ڕێز لەمافی کورد بگرن بۆ هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ.
سیناتۆر چەک شومەر، ڕۆژی چوارشەممە لە پاش دەرچوونی ئەنجامی ڕایفراندۆمەکە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی "ڕۆژی دووشەممە دەنگدانێکی مێژوویی لە کوردستانی عێراق سازکرا و دەبێت جیهان ڕێز لە ئەنجامەکەی بگرێت و دانیپیادبنێت."
دەشڵێت ئەوپەڕی پشتیوانی لە کوردی باکوری عێراق دەکات و لەو باوەڕەدایە کە پـێویستە کوردەکان لە زووترین کاتدا وڵاتێکی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و دەبێت هەڵوێستی حکومەتی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردنی پـرۆسەیەکی سیاسی بێت بۆ بەدیهێنانی خواستی کوردەکان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
ئایا دەرفەتێک بۆ دیالۆگ لە نێوان بەغدا و هەولێردا ماوەتەوە؟
ئایا هەڕەشەکانی تورکیا و ئێران ڕژدن؟
ئایا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بە تایبەتیش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەرداری کورد دەبێت؟
ئایا دەسەڵاتدارانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ئامادەکارییان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر سەختییەک لە ئایندەدا؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش لە دەقی بەرنامەی تایبەتی ئەم هەفتەیەی "لەگەڵ ڕووداوەکاندا" یە:
Your browser doesn’t support HTML5