مێزگرد: ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و هەلومەرجی ناوچەکە

لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژی 25 ی مانگی نۆ بۆ کورد دەشێت ڕۆژێکی جیاواز بێت لە ڕۆژەکانی تری بەڵام پێناچێت بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە گشتی و بۆ وڵاتانی ناوچەکەش بە تایبەتی جیاوازییەکی ئەوتۆی هەبووبێت.

دەشێت بۆ وڵاتێکی وەک عێراق جیاوازییەکە هەر تەنها لەوەدا بێت، ئەرکی ڕۆژانەی پەرلەمانی وڵاتەکەی زیاتر کردبێت، وەک دەگوترێت بۆ پەسەندکردنی بڕیارە سیاسییەکان دژی هەرێمی کوردستان.

بۆ تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێران شتێکی چاوەڕوانکراوبووە کە هەمیشە دژی خواستی سیاسی کوردبن جا لەهەر کات و شوێنێکدا بێت.

دەسەڵاتی سیاسی کورد لە عێراقدا بەرەنگاری داوا و جەختکردنەوەکانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بووەوە و ڕیفراندۆمی خۆیی هەرکرد، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە لەوەدایە ئایا لەگەڵ ئەو هەموو ڕەتکردنەوانەی ڕیفراندۆمدا، کورد دەتوانێت لەو ناوچە پڕ لە گێرمە و کێشەیەی جیهاندا دەوڵەتەکەی خۆی پێکبهێنێت؟

کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی شەڕەکانی دژی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی کردۆتە یەکێک لە هۆکار و بیانووە سەرەکییەکانی ڕەتکردنەوەی خۆی بەرامبەر جیابوونەوەی کورد لە عێراق.

میوانەکانی مێزگرد:

سۆران پاڵانی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

خالید سولەیمان، ڕۆژنامەوان و شیکەرەوەی سیاسی

دکتۆر لوئەی جاف، پسپۆڕی سیاسی

لە نێو وڵاتانی جیهاندا تەنها وڵاتی ئیسرائیل لە زاری سەرەک وەزیری وڵاتەکەوە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کورد کراوە. بەڵام بەنیامین نەتەنیاهۆ، دواتر داوای لە وەزیرەکانی کابینەی حکومەتەکەی کردووە خۆیان لە لێدوان سەبارەت بە ڕیفراندۆمی هەرێم دووربخەنەوە، وەک لە نێوەندە هەواڵییەکانی ئیسرائیدا بڵاوکرایەوە.

ئانکەرە و تاران بەردەوامن لەسەر لێدوانە ئاگرینەکانیان بەرامبەر کورد لە عێراقدا و هەر یەک لەو دوو وڵاتە مانۆڕی سەربازی خۆیان دەستپێکردووە لەسەر سنورەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.

پێشتر لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر قەیرانێکدا دەستبەجێ باس لە چارەسەری سیاسییانەی ئاشتیانە دەکرا، بەڵام لەم دۆزە نوێیەی پاش ریفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا هێندەی زمانی هەڕەشە و گوڕەشە لەو ناوچەیەدا ئامادەیی هەیە، پێناچێت زمانی دیپلۆماسی شوێنێکی ئەوتۆی بۆ مابێتەوە.

ئایا وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەتی تورکیا و ئێران دەتوانن دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانیان ببن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا؟

بۆچی دیپلۆماسییەتی کوردی لە باشوری کوردستاندا نەیتوانی متمانەی هیچ یەکێک لەو وڵاتانەی دەوروبەری بۆ ئەو ڕیفراندۆمە بە دەست بێنێت؟

ئایا زلهێزەکانی جیهان بەتایبەتیش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هانای کوردەوە دەچن لە دەمی هەر قەیرانێکدا لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەریدا؟

ئایا لەم ڕەوشەی ئێستایدا کورد دەتوانێت چ فشارێک بەرامبەر وڵاتەکانی ناوچەکە بەکاربهێنێت؟

ئایا هەرێم دەتوانێت ئاو و وزەی ئەلکتریک وەک چەکێک بەرامبەر بەغدا بەکاربهێنێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش لە دەقی مێزگردەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

مێزگرد: ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و هەلومەرجی ناوچەکە