کورد لە نێوان تراژیدیا و مەترسیدا

هەرچەندە ململانێ‌و رووبەرووبوونەوەی‌ سوپای‌ عێراق‌و پێشمەرگە لەكەركوك چاوەڕوانكراو بوو، بەڵام ئاڕاستەی‌ رووداوەكان لەدەرەوەی‌ هەموو پێشبینییەكانی‌ خەڵكەوە بوو.
نیوەشەوی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەر بەشی‌ زۆری‌ خەڵكی‌ كەركوك‌و هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان شەونخونیان كرد بەدیاری‌ شاشەكانی‌ تەلەفزیۆن‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، سات بەسات هەواڵی‌ نوێ‌ لەبارەی‌ كەركوكەوە دەهات، هەموو هەواڵەكان بەو شێوەیە بوون، كە پێشمەرگە لەشەڕێكی‌ قورسدایە لەگەڵ سوپای‌ عێراقی‌‌و حەشدی‌ شەعبیدا، بەڵام لەپڕ شتێكی‌ دیكە روویدا، پێشمەرگە خێرا خێرا هێڵەكانی‌ خۆی‌ جێدەهێڵێت‌و فەرمانی‌ دەستبەجێی‌ پێكراوە بەشداری‌ رووبەرووبوونەوەكان نەكات. بەڵام شەڕ لەهەندێک لەبەرەکانی شەڕ لەنێوان هێزەکاندا روویداو، تێکڕا بوونە هۆی گیانلەدەستدانی پێشمەرگەو هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبیش و برینداربوون و ئاوارەبوونی خەڵکانێکی زۆریش لەکەرکوک و ناوچەکانی هێڵی بەریەککەوتنەکان.
هێشتا ئەم هەواڵانە بۆ خەڵكی‌ كوردستان جێی‌ باوەڕنین، چونكە خەڵكی‌ دەیانپرسی‌، ئەو هەموو هێزەی‌ لەكەركوك كۆكراوەتەوە چۆن ئاوها بەخێرایی‌ سەنگەرەكانی‌ خۆیان چۆڵ دەكەن؟ ئەی‌ چۆن فەرماندە سەربازییەكان فەرمانی‌ كشانەوە دەردەكەن، لەكاتێكدا شەوی‌ پێشووتر رایاندەگەیاند "مەگەر بەسەر لاشەی‌ ئەواندا سوپا و حەشدی‌ شەعبی‌ بێنە ناو كەركوكەوە".
هێشتا وێنە لێڵەكە بەتەواوەتی‌ روون نەبووەتەوە، بەڵام هەموو لێكدانەوەكان بەو ئاڕاستەیە دەچن، كە رێكەوتنێكی‌ ژێر بەژێری‌ نێوان هەردوولایەنی‌ عێراقی‌‌و كوردی‌ هەبووە، بێ‌ ئەوەی‌ ئامانجەكەی‌ روون بێت و ئێستاکەش لایەنە کوردییەکان یەکتر تاوانبار دەکەن بە خه‌یانەتی گەورە...

ئاسۆ جەبار سەبارت بە کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیامێز بە پرس و ئەم قەیرانە سیاسی و سەربازییەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو حکومەتی فیدراڵ و حەشدی شەعبەیەوە مێزگردێکی راستەوخۆی بۆ دەنگی ئەمریکا سازکردووە بۆ بەڕێزان نوسەر و رۆشنبیر بەکر عەلی و رۆژنامەوان نیاز عەبدوڵا و نوسەرو رۆشنبیر دانا عەسکەر...

بەکر عەلی دەڵێت "ئەم رووداوە تراژیدییە پێکدادانی گەورەترین گورزبوو لەتەواوی هەموو ئەو دەستکەوتە سیاسیانەی لەدوای رااپەڕینەوە بەدەستهاتووە."

دەشڵێت "ئەمە بریتییە لە چڕکردنەوەی ئەو ناپاکییەی کە لە 31 ئابدا روویدا." هاوکات "هەڕەشەکە لەوە گەورەتر، هەڕەشەیەکی وجودیانەیە لەسەر کۆی کێشەی رەوای کورد هەیە."

بەڵام نیاز عەبدوڵا پێیوایە کە "کورد نەیتوانی ببێت بە یاریزانێکی سەرەکی، بەو هۆکارەی تەواوی ئەو جومگانەی کە لە بەغدا وەرگیرا نەیتوانی بە داکۆکی و پێداگریی ببنە هۆکاری جێبەجێکردنی ماددەی 140."

هاوکات نیاز دەڵێت چەندین بەڵگەی گەندەڵی وەزیری داراییەکی کورد لە بەغداو نەجمەدین کەریمی پارێزگاری پێشووی کەرکوک هەیە.

بەڵام دانا عەسکەر باس لەنوخبەی سیاسی کورد دەکات و دەڵێت "بەداخەوە نوخبەیەکی سیاسی کورد ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن، نوخبەیەکی ناهوشیار و بێ ئاگا لەگۆڕانکارییەکانی دنیاو نوخبەیەکی بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی هەموو شتێکی بیربردونەتەوە."

دەشڵێت "ئەمانە هەموو دەرئەنجامی ئەوەیە کە ئامانە لەخەمی هاوڵاتیان و نیشتیماندا نین، لەخەمی ئەو دۆزەدا نین کە ئینسان لەسەر پێی خۆی رابگرێت."

هاوکات نیاز عەبدوڵا دورتر دەڕوات دەڵێت "سەرکردایەتی سیاسی و حکومەتی هەرێم تا ئێستا نەیتوانیووە شوێنپێی خۆی لەناو ستراتیژی ئەمریکا لەعێراق، هەروەها لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزێتەوە."

سەبارەت مەترسیداری دۆخەکە بەکر علی دەڵێت "مەترسیدارە تا ئەو رادەیەی کە رەنگە ئیتر کێشەیەک نەمێنێت بە ناوی ئەوەی کێشەی کوردی پێدەوترێت، رەنگە ئیتر هەرێمێکی سیاسی نەمێنێت."

Your browser doesn’t support HTML5

مێزگرد: که‌رکوک و قه‌یرانه‌کان له‌ گه‌ڵ به‌غدا