بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەرەک وەزیری عێراق سەردانی وڵاتی تورکیا بکات و لەوێش لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتەکەدا کۆببێتەوە بۆ باسکردنی ژمارەیەک دۆسێ لەوانە هەرێمی کوردستانی عێراق لە قۆناغی پاش ڕیفراندۆمدا.
بەغدا و ئانکەرە بە هەمان ئەندازە دژی ڕیفراندۆمەکەی 25 ی مانگی نۆی هەرێمی کوردستان بوون.
دکتۆر بوڵنت عەلیڕیزا، سەرۆکی بەشی تورکیا لە نێوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێونەتەوەیی دەڵێت ئەوەی بەغدا و ئانکەرەی لێکنزیک کردۆتەوە کە پێشتر کێشەیان لە نێواندا هەبووە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان بووە و دەشڵێت بەر لەو ڕیفراندۆمە زۆر کێشە هەبوون لە نێوان بەغدا و ئانکەرە لەوانە ڕێگەدانی تورکیابووە بە گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێی تورکیاوە بەبێ ڕەزامەندی بەغدا و ئێستاش هاوڕا و هاوکارن لەسەر فشارخستنە سەر کورد لە عێراقدا.
دکتۆر بوڵنت ئاماژەش بەوە دەکات ئەگەر ناردنی نەوت لە تورکیاوە بەردەوام بێت ئەوا هەر ئانکەرە خۆی کۆنترۆڵی داهاتی نەوتەکە دەکات و لەوانەشە لەگەڵ عێراقدا ڕێکبکەوێت و ئەو داهاتە بداتە بەغدا وەک چۆن پێشتر دەیدا بە هەرێمی کوردستان.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ دکتۆر بوڵنت عەلی ڕیزادا، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5