سەربەخۆیی لەنێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا
جیاوازیەکانی سەربەخۆیی و دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ لە نێو وڵاتانی خۆرئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوکات مافەکانی مرۆڤ لەبەردەم لەشرکێشی و پیشێلکارییدا تێکڕا کۆمەڵێک پرسی گرنگن کە بوونەتە جێی بایەخی شرۆڤەکاران. هەندێک پێنوایە ئەوەی لەخۆرئاوا دەگوزەرێت سەبارەت بە پرۆژەی دروستکردنی قەواری سیاسی سەربەخۆ وەک دەوڵەت تەواو جیاوازە لەوەی کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە رۆژهەڵات بە گشتی دەگوزەرێت، لەبەرئەوەی مێژووی سیاسی و بنەما یاسایی و دەستورییەکانی ئەو وڵاتانە پتر کراوەتر و واڵاترن لەبەردەم پێکەوەژیان و دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆدا...
هاوکات رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند کە بەهۆی شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزە عێراقییەكان و هێزی پێشمەرگەدا زیاتر لە 175 هەزار كەس لەو ناوچانە ئاوارە بون.
هاوکات رێکخراوی لێبودردنی نێودەوڵەتی لەراپۆرتێکی هەمەلایەندا باس زۆرێک لەو پێشێلکارییانە کە دەرحەق بە خەڵکی دوزخورمات و پردێ و ناوچەکانی دوەوروبەری کەرکوک و ناو کەرکوک کراون بە دەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجامیان داون هەر لە کوشتن و پەلاماردان و دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی خەڵک تا دەگاتە سوتاندن و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خەڵک و ئاوارەبوونی خەڵک.
ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا مێزگردێکی راستەوخۆی سەبارەت بەو پرسانە سازکردووە بە میوانداری نوسەر و لێکۆڵەرەوە خالید سلێمان لە کەنەدا و رۆژنامەوان و لێکۆڵەرەوە سەرهەنگ حارس لە لەندەن و نوسەر و بەڕێوبەری رێکخراوی DHRD لە هەرێمی کوردستان...
سەرهەنگ حارس دەڵێت "کۆسۆڤۆ لەساڵی 2008 دا سەربەخۆیی راگەیاندووە، بەشێوەیەکی یەکلایەنە، لەکاتێکدا مۆنتینیگرۆ لە 2006 دا، بەرێکەوتن لەگەڵ سربیادا پێکەوە لەگەڵ سربیادا پێکوە بەپێی دەستوری هەردوو وڵات بەتایبەتی لەدوای هەڵوەشاندنەوەی کۆماری یۆگۆسلاڤیا کە لەدەستوردا هاتووە دەتوانن داوای سەربەخۆیی بکەن ئەگەر بیانەوێت."
بەڵام "بەهاوکاری یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا جاڕنامەی سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ رادەگەیەنن."
هاوکات دەشڵێت "لەدۆخی ئێستای کوردستاندا بەهیچ شێوەیەک تەنانەت هاوپەیمانەکانی کوردستان پشتگیری ئەو هەنگاوە ناکەن."
بەڵام ئاوات محەمەد سەنگی خستە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و دەڵێت "ئەوەی لەڕۆژهەكڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا روودەدات پرسێکی دیموکراتیانە نیە."
دەشڵێت "هێشتا لەعێراقدا دۆخی سەدام حسێنمان تێنەپەڕاندووە."
لەلایەکی دیکەوە خالید سلێمان دەڵێت "پێشێلکاریی زۆر روویداوە ئێمە بیرمانە لەوە نەکردەوە کە خەڵک لەکەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری دەربەدر بن، هەروەها هێزەکانی ملیشیاکانی شیعە هێرش بکەنە سەر خەڵک و ماڵی خەڵک بسوتێنن و خەڵک سەرنگومبکەن."
دەشڵێت "ئەمڕۆ لەراپۆرتە جیهانییەکاندا باس لەوە ددەکرێت کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر خەڵک و هاوکات دوکان و شوێنە بازرگانییەکان سوتێنراون."
هاوکات خالید پێیوایە "هێشتا بەعس رەگوڕیشەی ماوە لەناو سیستمی سیاسی و میلیتاری عێراقدا."
هاوکات ئاوات محەمەد وردەکارییەکانی ئەو پێشێلکارییانە باس دەکات و دەڵێت "پێشێلکاریی زۆر گەورە کراون بەرامبەر بە خەڵک وەک دەستدرێژیکردنەسەر ماڵ و موڵکی خەڵک، سوتاندن و دەستدرێژی سێکسی و لاقەکردنی ژنان لە توزخورماتوو، ...هاوکات 200.000 کەس لەو شوێنانە ئاوارە بوون".
Your browser doesn’t support HTML5